رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئاگر کەوتنەوە لە یەکێک لە باڵەخانەکانی ئیسرائیل دوای هێرشێکی بزووتنەوەی حەمماس، وێنە : AFP
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە بۆ 600 کەس بەرزبووەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، دوو هەزار و 48 کەسی دیکە برینداربوون کە 330ـیان لە دۆخێکی مەترسیداردان.
بە گوێرەی دامودەزگە فەلەستینییەکان، لە کەرتی غەززە 313 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش حەوت فەلەستینی بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. 20 لەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون، منداڵن، هەروەها لانیکەم هەزار و 788 کەسی دیکەش برینداربوون کە 121یان منداڵن.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل، لە زاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە کە زیاتر لە 100 هاووڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بە دیل گیراون یان بێسەروشوێن بوون.
سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئێستا ناوی 44 سەربازی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە لە نێو کوژراواندان و رایگەیاندووە، کە بڕیاریداوە 25 ئوردوگای جوو نشین لە دەورەوبەری غەززە چۆڵبکرێن، لە کاتێکدا کە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی حەماس بەردەوامە کە دزەیان کردووەتە نێو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل.
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بەردەوامە و هێزی کۆماندۆی قەسام ئۆپەراسیۆنێکیان "بەسەرکەوتوویی" بە پێنج بەلەم کردووەتە سەر کەناراوەکانی عەسقەلان و دەستیان بە سەر ژمارەیەک شوێندا گرتووە و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلییان کوشتووە.
تاوەکو ئێستا، ئیسرائیلش بەردەوامە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەززە، بۆردوومانی هێزی فەلەستینییەکان لەو کەرتە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ