رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: Alex Brandon/AP
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران بە "هاوئاهەنگی" لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر من و نەتەنیاهوو نەبووینایە، ئێران ئیسرائیلی لەنێودەبرد."
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (تایمز ئۆڤ ئیسرائیل) رایگەیاند، سەبارەت بە کاتی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران، بڕیارێکی هاوبەش لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەدەن. ترەمپ گوتی، "لە کاتێکی گونجاودا بڕیار دەدەم، بەڵام هەموو لایەنەکان رەچاو دەکرێن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل و ئەمریکا بەیەکەوە کاردەکەن و گوتی، "ئێران دەیویست ئیسرائیل و هەموو دەوروبەرەکەی لەنێوببات، بەڵام ئێستا دەبینن کە خۆیان لەنێودەچن. ئێمە وڵاتێکمان تێکشکاند کە دەیویست ئیسرائیل بسڕێتەوە."
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیان کردە سەر ئێران و تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو کاتی ئێران کوژرا. ترەمپ پێیوایە ئەگەر ئەو و نەتەنیاهوو نەبووینایە، "ئێستا ئیسرائیل نەدەما."
لەبارەی دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی ئێران، ترەمپ گوتی، "دەبینین چی روودەدات،" بەڵام پێشتر هۆشداری دابوو کە هەر سەرکردەیەکی نوێی ئێران ئەگەر رەزامەندی کۆشکی سپی بەدەستنەهێنێت، "زۆر نامێنێتەوە."
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جارێکی دیکە داوای لە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کرد کە "لێبووردنی تایبەت" بۆ نەتەنیاهوو دەربکات کە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێ. ترەمپ گوتی، "دەمانەوێ بنیامین نەتەنیاهوو سەرنجی لەسەر شەڕ بێت، نەک دادگاییکردنێکی بێمانا."
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم شەڕە لەسەر گرووپە چەکدارەکانی وەک حەماس، ترەمپ دەڵێت، لاوازبوونی ئێران دەبێتەهۆی ئەوەی زۆر لایەن ناچار بن چەکەکانیان دابنێن، چونکە بە گوتەی ئەو، "ئێستا ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و خراپتریش دەبێت."
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات، واشنتن پێشبینی دەکات شەڕی دژی ئێران چوار تاوەکو شەش هەفتەی دیکە بخایەنێت، بەڵام تڕەمپ جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو گەیشتن بە ئامانجەکان، لەگەڵ نەتەنیاهوو لە هاوئاهەنگی بەردەوامدا دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ