رووداو دیجیتاڵ
سعودیە، بەحرێن، کوێت و قەتەر بەرپەرچدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان راگەیاند. لە بەحرێن خەڵکی سڤیل بریندار بوون.
تێکشکاندنی 111 مووشەک و درۆن لە سعودیە
وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماری هێرشە "تێکشکێنراوەکانی" یەک هەفتەی رابردووی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، سیستمی بەرگریی ئەو وڵاتە توانیویەتی 111 هەڕەشەی ئاسمانی ڕابگرێت کە بەم شێوەیە بوون:
- 97 درۆن
- 7 مووشەکی بالیستی
- 7 مووشەکی کرووز
ئەم هێرشانە ناوچە ستراتیژییەکانی سعودیەیان کردووەتە ئامانج، لەوانە:
- 20 هێرش بۆ سەر ریاز و دەوروبەری
- 10 هێرش بۆ سەر کێڵگەی نەوتی شەیبە
- 7 هێرش بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان
لە بەحرێن زیانی گیانی و مادی هەیە
ئەمڕۆ دووشەممە، دۆخی بەحرێن لە هەموو ناوچەکانی دیکە دژوارتر بوو. وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر ناوچەی سترە، چەند هاووڵاتییەک بریندار بوون. هەرچەندە لە میدیا بڵاوکراوەتەوە کە 32 کەس بریندارن، بەڵام بەحرێن بە فەرمی ژمارەی بریندارەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، برینی یەکێک لە بریندارەکان سەختە. جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی زۆری مادیش بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان گەیشتووە.
لە قەتەر، وەزارەتی بەرگری بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی دووشەممە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکییان داوەتەوە کە دەوڵەتی قەتەری کردبووە ئامانج.
هاوکات لە کوێت، بەرگریی ئاسمانی چەندین مووشەک و درۆنی تێکشکاندووە. وەزارەتی کارەبا و ئاوی کوێت رایگەیاند، ئاگرێکی سنووردار لە یەکێک لە تانکییەکانی سووتەمەنیی وێستگەی کارەبای 'سەبیە' کەوتووەتەوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵیان کردووە و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ