رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
چەکدارێکی حیزبوڵڵا لەسەر سنووری سووریا - لوبنان وەستاوە و ئاڵای حیزبەکەی و لوبنان لەدواوەی دیارن. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی لوبنان بڵاویکردەوە، سەرکۆنەی گوتەکانی راوێژکاری ئێران بۆ کاروباری دەرەوە دەکەن کە رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دژایەتیی بڕیاری حکومەتی لوبنان بۆ چەکدانانی حیزبوڵـڵا دەکات.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، کابینەی حکومەتی لوبنان کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، حکومەت "فەرمانی بە سوپای لوبنان کردووە بۆ جێبەجێکردنی پلانێک کە پێش کۆتایی ئەم ساڵ چەک بەتەنیا لە دەست حکومەت بێت" و هەموو گرووپەکانی دیکە چەک بکرێن.
لە وەڵامی ئەو بڕیارەی حکومەتی لوبناندا، رۆژی چوارشەممە حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، "حکومەتی سەرۆکوەزیران نەواف سەلام تاوانێکی گەورەی کرد بە بڕیاری چەککردنی لوبنان." بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارە دەکەین وەکو ئەوەی نەدرابێت".
بڕیارەکە بەدڵی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو، ئێستاش ئێران دژایەتیی خۆی بۆ بڕیارەکە پیشاندا و لوبنانیش سەرکۆنەی دژایەتیی تاران دەکات.
راوێژکاری باڵای خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی: دژایەتی چەکدانانی حیزبوڵـڵا دەکەین
لەبارەی بڕیاری حکومەتی لوبنانەوە رۆژی شەممە، 9ی ئابی 2025، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راویژکاری رێبەی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران دژایەتی چەکدانانی حیزبوڵـڵا دەکات." دەشڵێت، "ئێران هەموو کات پاڵپشتی خەڵک و بەرەی بەرگریی لوبنانی کردووە و بەردەوامیش دەبێت."
سەبارەت بە دەستوەردانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بڕیارەکە و کاروباری لوبنان، ویلایەتی گوتی، "ئەمە یەکەمجار نییە بەشێکی لوبنانییەکان ئەم پرسانە دەوروژێنن". ئاماژەی بەوەش کرد، وەکو ئەوەی چۆن "پلانەکانی پێشوو دژی لوبنان شکستیان هێنا، ئەمەشیان شکست دەهێنێت".
رۆژێک دوای دەرچوونی بڕیارەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەر بڕیارێک لەبارەی چەکدانانەوە دەربکرێت ئەوە دەبێت لەلایەن گرووپەکەوە بدرێت. گوتیشی، تاران پاڵپشتییان دەکات بەڵام "دەستوەردان" لە کارەکانیان ناکات.
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان: سەرکۆنەی گوتەکانی بەڕێز عەلی ئەکبەر ویلایەتی دەکەین
وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی کۆماری لوبنان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بە تووندی سەرکۆنەی گوتەکانی ئەم دواییەی بەڕێز عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین، کە دەستێوەردانێکی زەق و قبووڵنەکراوە لە کاروباری ناوخۆی لوبناندا."
دەشڵێت، "ئەمە یەکەمجار نییە دەستوەردانی لەم جۆرە دەکرێت. هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران چەندین جار سنووری خۆیان بەزاندووە و لێدوانی ناڕەوا سەبارەت بە بڕیارە ناوخۆییەکانی لوبنان دەدەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆماری ئیسلامییەوە نییە."
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لە نووسینەکەیدا گوتیشی، "ئەم جۆرە رەفتارە قبووڵنەکراوانە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا لەلایەن دەوڵەتی لوبنانەوە رێگەی پێنادرێت. لوبنان رێگە بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نادات، چ دۆست بێت یان دوژمن، بە ناوی گەلەکەیەوە قسە بکات یان بانگەشەی هەر جۆرە سەرپەرشتییەک بەسەر بڕیارە سەروەرییەکانیدا بکات."
وەزارەتەکە وەبیری سەرکردایەتیی تاران دەهێنێتەوە کە "بۆ ئێران باشترە گرنگی بە کێشەکانی گەلی خۆی بدات و داواکاری و خواستەکانیان جێبەجێ بکات، لەبری ئەوەی خۆی لەو بابەتانەدا تێوەبگلێنێت کە پەیوەندیی پێوەی نییە."
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی لوبنان ئاماژەی بەوەش کردووە، "دەوڵەتی لوبنان لە بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی بەردەوام دەبێت و بەپێی نەریتە دیپلۆماسییەکان وەڵامی هەر هەوڵێک دەداتەوە کە بۆ لەکەدارکردنی دەسەڵاتی بڕیارەکانی یان هاندان لە دژیان بێت."
حیزبوڵـڵا: بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکە دەکەین وەکو ئەوەی هەر نەبووبێت
حیزبوڵـڵا لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، "ئەم بڕیارە سەروەری لوبنان پێشێل دەکات و ئیسرائیلیش دەستواڵا دەکات بۆ دەستوەردان ئاسایش، جوگرافیا، سیاسەتی لوبنان." بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارە دەکەین وەکو ئەوەی هەر نەبووبێت".
رۆژی سێشەممە، حکومەتی لوبنان راگەیێندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکەیان بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کە 27ـی تشرینی دووەمی پار لە نێوانیان بە نێوەندگیری ئەمریکا واژۆکرا. لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا هاتبوو کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بێت.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی حیزبوڵـڵادا هاتووە، ئامادەن گفتوگۆ لەبارەی ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ ئاسایشی نیشتمانیی لوبنان بکەن، بەڵام ئەمە دوای راگرتنی هێرشەکانی تەل ئەڤیڤ بۆ سەر لوبنان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ