هەموو شتێک لەبارەی رێککەوتنەکەی غەززە

09-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای دوو ساڵ لە جەنگێکی خوێناوی، ئیسرائیل و حەماس رۆژی پێنجشەممە لەسەر ئاگربەست رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە لە بەرامبەر سەدان زیندانیی فەڵەستینی. سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززەش دەڵێت، گەرەتییان پێدراوە کە جەنگەکە بەتەواوی کۆتایی هاتووە. 
 
رێککەوتنەکە، کە لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆدا لە میسر بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و میسر کرا، وەک هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگێک سەیر دەکرێت کە دەیان هەزار کەسی تێدا کوژراوە و کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.
 
پێشکەوتنەکە کاردانەوەی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای کرد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بدرێتە دۆناڵد ترەمپ، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە سەردانی قودس/ئۆرشەلیم بکات.
 
وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە: قۆناخی یەکەم
 
شۆش بێدرۆسیان، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، رەشنووسی کۆتایی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە "لە میسر لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە واژۆ کراوە."
 
کاتی دەستپێکردن: بێدرۆسیان رایگەیاند، ئاگربەستەکە "لە ماوەی 24 کاژێردا" لەدوای کۆبوونەوە و پەسندکردنی لەلایەن کابینەی ئەمنیی ئیسرائیلەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، کە کاژێر 5:00ـی ئێوارەی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر، کۆبوونەوە.
 
گۆڕینەوەی بارمتە و زیندانییان: گوتەبێژەکە گوتی: "هەموو بارمتەکانمان، زیندوو و مردوو، 72 کاژێر دواتر ئازاد دەکرێن، کە دەکاتە رۆژی دووشەممە." بەرپرسێکی باڵای حەماسیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، لە بەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار زیندانیی فەڵەستینی ئازاد دەکات: 250ـیان سزای تاهەتاییان هەیە و هەزار و 700ی دیکەشیان لە سەرەتای جەنگەکەوە دەستگیرکراون.
 
مەروان بەرغوسی: سەرەڕای داواکاریی حەماس، حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند، مەروان بەرغوسی، سەرکردەی دیاری فەتح، "نابێتە بەشێک لەم ئازادکردنە."
 
هاوکاریی مرۆیی و گەڕانەوەی ئاوارەکان: بەرپرسەکەی حەماس گوتی، رۆژانە لانیکەم 400 بارهەڵگری هاوکاری بۆ ماوەی پێنج رۆژی یەکەم دەچنە کەرتی غەززەوە. مانگی سووری میسریش رایگەیاند، 153 بارهەڵگری هاوکاری بەرەو غەززە بەڕێکەوتوون. هەروەها رێککەوتنەکە "گەڕانەوەی دەستبەجێی ئاوارەکان" لە باشوورەوە بۆ شاری غەززە و باکوور لەخۆدەگرێت.
 
کشانەوەی ئیسرائیل: ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاکەی لە ماوەی 24 کاژێردا بۆ "هێڵی زەرد" دەکشێتەوە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
 
کاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان و پێشوازییەکی بەرفراوان
 
ئیسرائیل و ئەمریکا: گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، نەتەنیاهوو و ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "دۆستانە و گەرم"یان هەبووە و هەردوولا پیرۆزبایی "ئەم دەستکەوتە مێژووییە"یان لە یەکدی کردووە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بدەنە دۆناڵد ترەمپ، شایەنیەتی."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لە رێککەوتنەکە کرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، پێشکەوتنی راستەقینە کاتێک دێت کە بەربەستەکانی بەردەم گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لاببرێن، نەک تەنیا "چەکەکان بێدەنگ بکرێن."
 
ئێران: وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کە پشتیوانێکی دێرینی حەماسە، پێشوازیی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند: "ئێران هەمیشە پشتیوانیی لە هەر هەنگاوێک کردووە کە راگرتنی جەنگ، کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان و ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکانی لەخۆگرتبێت."
 
پرسیارە هەڵپەسێردراوەکان و ئاڵنگارییەکانی داهاتوو
 
سەرەڕای رێککەوتنەکە، پرسیارە سەرەکییەکان لەبارەی داهاتووی غەززەوە ماونەتەوە. پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ داوای چەککردنی حەماس و حوکمڕانیکردنی غەززە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەرەوە دەکات بە سەرۆکایەتیی خودی ترەمپ، بەڵام ئەم خاڵانە هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
 
لە کاتێکدا هەردوو لای ئیسرائیل و حەماس لەژێر گوشاری ناوخۆیی و دەرەکیدان، بێتسەلئیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی راستڕۆی تووندڕۆی ئیسرائیل، رایگەیاند، دەنگ بە رێککەوتنەکە نادات.
 
بەرپرسێکی حەماسیش رایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست "دەستبەجێ" دەستپێدەکەن.
 
سەردانەکەی ترەمپ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 12-10-2025 بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێدەکەوێت.
 
نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ رۆژی یەکشەممە سەردانی ئۆرشەلیم بکات و بۆنەیەکی فەرمی لەبەر "ئازادکردنی بارمتەکان و سەردانی داهاتووی سەرۆکی ئەمریکا" هەڵوەشێنراوەتەوە.
 
وێنەکان لە شەرم شێخەوە دیمەنی شاندەکانی حەماس، تورکیا، قەتەر، میسر و ئەمریکایان نیشاندا کە بە رووخۆشییەوە باوەشیان بەیەکدا دەکرد، هەرچەندە شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل لە دوو ژووری جیاوازدا بوون و نێوەندگیرەکان لەنێوانیاندا هاتووچۆیان دەکرد.
 
'گەرەنتیمان پێدراوە بەوەی جەنگ بە تەواوی کۆتایی هات'
 
خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، حەماس لەلایەن نێوەندگیران و ئەمریکاوە دڵنیایی پێدراوە کە شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە "بەتەواوەتی کۆتایی هاتووە."  
 
دەشڵێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوانی فەڵەستینی و بارمتەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
حەییە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەمڕۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستدرێژی بۆ سەر گەلەکەمان و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی، کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر، هاتنەناوەوەی هاوکارییەکان، کردنەوەی دەروازەی رەفەح بە هەردوو ئاراستەدا و ئاڵوگۆڕی دیلەکان رادەگەیێنین."
 
ئاشکراشی کرد کە 250 بەندکراوی حەماس کە لە ئیسرائیل سزای زیندانیکردنی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە، لەگەڵ هەزار و 700 بەندکراوی دیکەی خەڵکی کەرتی غەززە کە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکراون، ئازاد دەکرێن، "لەگەڵ ئازادکردنی هەموو منداڵ و ژنان."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە