رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەگەڵ خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی کۆبووەوە و جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کردەوە، بەجۆرێک کە نوێنەرایەتیی هاوسەنگی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێ و سەقامگیریی نێوخۆیی بەهێز بکات.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەراوێزی کۆنفرانسی دەوحەی 2025، لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی خەمیس خەنجەر کە ئەمشەو بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رەوتی گفتوگۆ سیاسییەکانی بەغدا کرا.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی "جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کردەوە، بەجۆرێک کە نوێنەرایەتیی هاوسەنگی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێ و سەقامگیریی ناوخۆیی بەهێز بکات".
سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی لە پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و هاندانی هەنگاوەکانی بنیاتنانی حکومەتێکی گشتگیر کردەوە، بەشێوەیەک کە قۆناخی سیاسیی داهاتوو لەسەر بنەمای رێککەوتن بێت و لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقدا بێت.
لەلایەن خۆیانەوە، خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ رۆڵی قەتەر لە پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا دەربڕی.
سوننەکان ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانیان پێکهێناوە. یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لە ماڵی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم کرا.
پارتەکانی تەقەدووم، جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم لەو ئەنجوومەنەدا ئەندامن. ئەو پێنج لایەنە سوننەیە لە هەڵبژاردنی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 زیاتر لە 70 کورسیی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ