رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کەنداو و وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام بوو، بەحرەین و ئیمارات و هەرێمی کوردستان بەرپەرچی زۆرترین هێرشی درۆنی و مووشەکییان داوەتەوە، نەبوونی نیازی دیپلۆماسیش مەترسیی ئەو هێرشانەی لە بەرزترین ئاستدا هێشتووەتەوە.
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان
تەنیا شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان لە هەرێمی کوردستان 7 درۆن تێکشکێندران، هەندێکیان لەنێو ئاوەدانی کەوتن و دوایینیان لە پشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتە خوارەوە، تەنیا لە سنووری هەولێر رۆژانە سیستمە ئاسمانییەکان درۆن و مووشەکەکان تێکدەشکێنن، جگە لە هێرشەکانی ئێرانیش، گرووپە چەکدارەکانیش بە هەمان شێوە هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئاماری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT، لە ماوەی 9 رۆژدا ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران، 196 هێرش و بۆردوومانیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە 4 کەس لەو 10 رۆژەدا گیانیان لەدەستداوە و 19ی دیکەش بریندار بوون.
ئەو هێرشانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر شەوانە دەکرێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە 5 مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەریر؛ بەڵام شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فڕۆکەخانەی سنوورەکەمان و دەوروبەری قەزاکەمان هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر."
لەبارەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانیشەوە قایمقامی هەریر گوتی، "هێرش هەبووە لە کاژێرەکانی کۆتایی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەڵام بۆ چیای بەنی هەریر بووە، نەوەک قەزای هەریر."
هێرشەکانی سەر ئیمارات؛ 113 درۆن لە ماوەی 24 کاژێردا
حکومەتەکانی سعودیە، کوێت، بەحرەین، ئیمارات، هەموویان رایانگەیاندووە بەرپەرچی هێرش و مووشەکەکانی ئێرانیان داوەتەوە لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا.
پاسەوانی نیشتمانیی کوێت رایگەیاندووە کە شەش درۆنیان خستووەتە خوارەوە،کوێت هەروەها دەڵێت، "ئەو ئاگرەیان کۆنتڕۆڵکرد کە لە ئەنجامی کردنە ئامانجی فەرمانگەیەکی حکومی کەوتبووەوە."
زیانەکانی کوێت کەمترن بەراورد بە ئیمارات، چونکە لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا ئیمارات وەکو خۆی دەڵێت، بەرپەرچی 16 مووشەکی بالیستی و 113 درۆنی داوەتەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکەی ئیمارات لەماوەی هەفتەی رابردوودا 238 مووشەک و 1422 درۆن ئاراستەی وڵاتەکە کراون.
هەروەها رۆژی 9ـی ئادار، بەحرەین رایگەیاند، هێرشێکی درۆنی بووەتە هۆی برینداربوونی 32 کەس، ئەوە بەرزترین ژمارەی قوربانییانە لە وڵاتێکی کەنداو لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، هەروەها هێرشێکی دیکەی درۆنی هەر لە بەحرەین بووە هۆی ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەیەکی نەوت.
جگە لەو وڵاتانە، هەریەکە لە عومان، قەتەر و سعودیە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، لە دوبەی و بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەی مووشەکی لێدرا،بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هێرشەکان بۆ سەر ئیمارات لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی.
سعوودیە ڕایگەیاندووە کە دوو درۆنی لە ئاسمانی ناوچە دەوڵەمەندەکانی بە نەوت لە ڕرۆژهەڵاتی وڵاتەکە تێکشکاندووە، ئەو هێرشانە لە کاتێکدایە جموجۆڵە دەریاییەکان لە کەنداو بەهۆی هێرشەکانەوە پەکخراون، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران هەڕەشەی سووتاندنی ئەو کەشتیانەی کرد کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن. گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و 20%ـی نەوت و غازی جیهانی پیادا تێدەپەڕێت، هەر بۆیە پەککەوتنی، مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ