رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیێنێت، لە سووریا سێ ئەرکی سەرەکییان هەیە، کە بریتین لە؛ چاودێریکردنی داعش، تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا و هەروەها هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی سووریا.
رۆژی چوارشەممە، 10-12-2025، براد کۆپەر، فەرماندەی گشتیی سێنتکۆم لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە دۆخی سووریا لە واشنتن کرد و رایگەیاند: "هێڵەکانی کارکردنی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) لە سووریا سێ لایەنن؛ یەکەم، بەردەوامین لە چاودێریکردنی تووندی داعش. دووەم، پشتیوانی لە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەین. سێیەم، هاوئاهەنگی دەکەین و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی سووریا پەرەپێدەدەین."
فەرماندەی گشتیی سێنتکۆم سەبارەت بە هێڵی دووەمی هەوڵەکانیان لە سووریا گوتی: "تێکەڵکردنی سەرکەوتووانەی هەسەدە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سووریا، دەبێتە هۆی رەخساندنی ژینگەیەکی ئەمنیی پێشبینیکراو و سەقامگیرتر."
رۆژی 10ـی ئادار، رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کراوە و هەردوولا رێککەوتن لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە و هەردوولاش یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
کۆپەر دەڵێت: "لە کاتێکدا گفتوگۆکان لەسەر تێکەڵکردن لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بەردەوامن، ئێمە ئامادەین بۆ پشتیوانیکردن و بە رێگەی مانادار و ئەوەشمان کردووە."
براد کۆپەر ئاماژەی بەوە کرد، گوشارەکانیان بۆ سەر داعش بەردەوامن. تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، هێزەکانی ئەمریکا لە 20 ئۆپەراسیۆنی دژی داعش، راوێژ و هاوکارییان پێشکێشی هێزەکانی سووریا کردووە.
فەرماندەکەی سێنتکۆم تیشکی خستە سەر دۆخی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان و رایگەیاند: "پێشتر لەو کەمپ و زیندانانەدا 70 هەزار چەکدار و کەسوکاری چەکدارانی داعش هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ 26 هەزار کەس کەمبووەتەوە."
براد کوپەر، سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد، کە هاووڵاتیانیان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بردوونەتەوە، ئەمەشی بە هەوڵێک بۆ رێگری لە بەهێزبوونەوەی داعش وەسفکرد.
کۆپەر گوتیشی: "راستەوخۆ پێش ئەوەی بۆ یەکەمجار لە دیمەشق چاوم بە سەرۆک ئەلشەرع بکەوێت، توانیم سەردانی کەمپی هۆل بکەم. ئەمە چوارەم گەشتی من بوو بۆ کەمپەکە، کە تێڕوانینی منی بەهێزترکرد، سەبارەت بە پێویستی خێراکردنی گەڕاندنەوەکان."
سووریا بووەتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
بە گوتەی فەرماندەی سێنتکۆم، مانگی رابردوو حکومەتی سووریا وەک 90ـەمین ئەندام پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردووە.
هاوپەیمانییەکە لە ساڵی 2014ەوە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە دژی داعش دروستکراوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە ئەرکەکانی بە تایبەتی لە عێراق و سووریا.
کۆپەر ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وەسفکرد بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و سووریا و گوتی: "تەنیا هەفتەی رابردوو، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا کارمان کردووە لە دۆزینەوە و لەناوبردنی 15 کۆگای چەکی داعش لە باشووری سوریا."
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە 130 هاوەن و مووشەک، ئاگادارکەرەوەی جیاواز، دژە تانک، مین، کەرەستەی بۆمبی چێنراو و ماددەی هۆشبەری قەدەخەکراو لەنێوبران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ