رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە دووەم بەرهەمهێنەری گاز؛ 'پێویستی بە 200 ملیار دۆلارە'

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرانی کەرتی وزە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە دوبەی رایانگەیاند، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سرووشتی لە جیهان، کەرتی وزەی ناوچەکە لە چوار ساڵی داهاتوودا پێویستی بە 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنانە.
 
رۆژی چوارشەممە 10-12-2025، کۆنفرانسی گازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بەشداریی زیاتر لە 150 بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی کەرتی وزە لە شاری دوبەی بەڕێوەچوو. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە ئامانجەکە زیادکردنی بەرهەمهێنانە بە رێژەی 30٪ بۆ پڕکردنەوەی ئەو خواستە خێرایەی لەسەر وزە دروست بووە.
 
"دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر لە جیهاندا"
 
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کرێسنت پترۆلیۆم و بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبردنی دانەگاز، لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "ناوچەکەمان لەسەر رێچکەی ئەوەیە ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سروشتی لە جیهاندا، لە دوای ئەمریکای باکوور."
 
بە گوتەی مەجید جەعفەر، لە ساڵی 2020ـەوە بەرهەمهێنانی گاز زیاتر لە 15٪ گەشەی کردووە و "پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2030 بە رێژەی 30٪ـی دیکە زیاد بکات."
 
هۆکارەکانی زیادبوونی خواست
 
لە کۆنفرانسەکەدا باس لەوە کرا کە بەرهەمهێنانی گازی ناوچەکە دەبێت تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە 86 ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا، واتە 14 ملیار پێ سێجا زیاد بکات. ئەم زیادبوونەش یەکسانە بە تەواوی بەکاربردنی کەرتی وزەی ئەورووپا.
 
بەشداربووان هۆکاری زیادبوونی خواستیان بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە:
 
- گەشەی دانیشتووانی ناوچەکە.
 
- زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا بۆ ئامێرە فێنککەرەوەکان و شیرینکردنی ئاو.
 
- پەرەپێدانی ژێرخانی ژیریی دەستکرد (AI)، بەتایبەت لە ئیمارات و سعودیە.
 
ئارامکۆ بەرهەمهێنان 80٪ زیاد دەکات
 
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئەدنۆک، ئارامکۆ، دانەگاز، ئێکس ئاڕ جی، باپکۆ ئینێرجی، راک گاز،، ئێس ئێن ئۆ سی، شێڵ و دامەزراوە داراییە جیهانییەکانی وەک دۆینچە بانک و کانتۆر فیتزجێراڵد ئامادە بوون.
 
عەبدولکەریم غامدی، جێگری سەرۆکی جێبەجێکار بۆ گاز لە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان پێشەنگایەتی یەکێک لە گەورەترین بەرنامەکانی فراوانکردنی گاز دەکات.
 
ئارامکۆ ئامانجییەتی تاوەکو ساڵی 2030 توانای بەرهەمهێنانی گازی فرۆشراو بە نزیکەی 80٪ بە بەراورد بە ساڵی 2021 زیاد بکات، کە پێشبینی دەکرێت ئەم گەشەکردنە 12 بۆ 15 ملیار دۆلار داهات زیاد بکات.
 
جاسم ئەلشیراوی، ئەمینداری گشتی کۆڕبەندی وزەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کرد، کە جیهان پێویستی بە وزەی زیاترە کە باوەڕپێکراو و کەم کاربۆن بێت، ئەمەش گازی سروشتی دەخاتە ناوەندی ستراتیژی وزەی جیهانییەوە.
 
پۆڵ هیکین، سەرنوسەر و گەورە ئابووریناسی پترۆلیۆم ئیکۆنۆمیست رایگەیاند: "ئەم رووداوە (کۆمپانیاکان)ی پیشەسازییەکەی کۆکردەوە بۆ تەرخانکردنی تەواوی توانای گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خەڵکەکەی، بە پشتیوانیکردنی گەشەی پارێزراو و بەردەوام لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە