رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 12-05-2025 حەماس عیدان ئەلیکساندەر، بارمتەی ئیسرائیلی-ئەمریکی ئازادکرد و ئیسرائیلیش رایگەیاند، بارمتەکەیان وەرگرتووە.
عیدان دوایین بارمتەی ئەمریکیی زیندووی نێو کەرتی غەززە بوو، ئازادکردنی ئەلیکساندەر، کە سەربازی ئیسرائیلە لە کاتێکدایە سبەی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی سێ وڵاتی کەنداوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "بە گەرمی پێشوازیی لە گەڕانەوەی عیدان دەکەین."
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای ئەوەی کۆمیتەی خاچی سوور بارمتەکەیان لە حەماس وەرگرت، ئێستا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بەرەو نەخۆشخانە بەڕێوەیە و "لەوێ خێزانەکەی دەبینێت."
ئازادکردنی ئەلیکساندەر بە نێوەندگیریی قەتەر و گوشاری ئەمریکا بوو لە نێوان حەماس و ئیسرائیل.
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "کەتیبەکانی عیززەدین قەسام؛ عیدان ئەلیکساندەر، سەربازی زایۆنی و هاووڵاتیی ئەمریکیی ئازادکرد؛ ئەمەش دوای پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا، وەک هەوڵێکی نێوەندگیرەکان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست."
حەماس گوتی: "دووپاتی دەکەینەوە دانوستاندنی جیدی و بەرپرسیارانە دەبێتە هۆی ئازادکردنی گیراوەکان، بەڵام بەردەوامیدان بە دووژمنکارییەکان، دەبێتە هۆی زیادکردنی ئازاری ئەوان و لەوانەشە بیانکوژێت. ئێمە داوا لە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ دەکەین بەردەوامی بە هەوڵەکانیان بدەن بۆ ئەوەی ئەو جەنگە خوێناوییە راگرن."
ئەلیکساندەر تەمەنی 21 ساڵە و لە شاری تێنافلی لە ویلایەتی نیو جێرزی گەورە بووە. لە ساڵی 2022 دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، چووەتە نێو ئەکادیمیای گارین زابار، کە سەرباز بۆ سوپای ئیسرائیل ئامادە دەکەن. ئەلیکساندەر لە ئەیلوولی 2023 لەسەر سنووری غەززە دانرا. هەر لەو خاڵە سەربازییەی ئیسرائیل، چەکدارانی حەماس ئەلیکساندەریان گرت، ساڵی 2024ـیش حەماس ڤیدیۆیەکی سەربازەکەی بڵاوکردەوە.
ئەو یەکێک بوو لەو 250 کەسەی کە لە رۆژی 07-10-2023 لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە برانە غەززە.
پێچەوانەی بارمتەکانی دیکە، ئازادکردنی ئەلیکساندەر نەبووە هۆی راگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی غەززە. حەماس هێشتا 20 بارمتەی دیکەی لەدەست ماوە، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، نزیکەی 40 بارمتەی دیکە بە مردوویی لە دەستی حەماسدان، کە زۆربەیان ئەمریکین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ