نەتەنیاهوو: دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا بڕیاری هێرشی سەر ئێرانم دا

13-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئێران بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاوی نا و مووشەکەکانی ئێران هەڕەشە بوون بۆ سەر مانەوەی ئیسرائیل. دەشڵێت، هێزەکانیان "کارێکی نایابیان ئەنجامدا و بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین".
 
بنیامین نەتەنیاهوو باسی لەوەش کرد، "جگە لە هێرشکردنە سەر ئێران، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەبوو.. مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین".
 
ئەم قسانەی نەتەنیاهوو لەکاتێکدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئێران و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 91 کەس کوژراون، لەنێویاندا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی هەن. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، "نازانم کەی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆسەر ئێران کۆتاییان پێدێت".
 
بۆ زانینی وردەکاریی هێرشەکەی ئیسرائیل و کاردانەوەکان، کلیک لەم لینکە بکە.
 
دیارترین ئەو بەرپرسە سەربازییانەی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژران:
 
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران
محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران
غولام عەلی رەشید، فەرماندەی خاتەمولئەنبیا
فەرەیدوون عەباسی داڤانی، زانای ئەتۆمی و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران
محەممەد مەهدی تەهرانچی، زانای ئەتۆمی و سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە تاران
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەیلوولی پارەوە بڕیاری دابوو هێرش بکەنە سەر ئێران و نیسانی ئەم ساڵیان بۆ هێرشەکە دیاریکردبوو، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک، هێرشەکەیان دواخست. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، ئەوا ئێمە لە ناوچەکە نامێنین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە