هەمووان چاویان لەسەر گەشتەکەی بایدنە؛ چوار رۆژ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە

13-07-2022
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن بایدن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-7-2022، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەگاتە ئیسرائیل و گەشتە چوار رۆژییەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێدەکات.
 
لە بەرەبەیانی چوارشەممە بەکاتی واشنتن، فڕۆکەی ئێر فۆرس وان، فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوتووە و چاوەڕێ دەکرێت لە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بگاتە ئیسرائیل.
 
مالپەڕی فەرمیی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: "کاژێر 15:30ـی ئەمڕۆ بەکاتی تەلئەڤیڤ (کە هاوکاتە لەگەڵ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان)، فڕۆکەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەگاتە فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆن، 20 کیلۆمەتر لە باشووری تەلئەڤیڤ." راشیگەیاند: "رێوەڕەسمێکی تایبەت بۆ پێشوازیکردن لە بایدن بە بەشداری ئیساک هێرزۆگ، سەرۆک و یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رێکخراوە."
 
ئەمە یەکەم گەشتی جۆ بایدنە بۆ ناوچەکە لەو کاتەی کە بووەتە سەرۆکی ئەمریکا و لەمڕۆوە دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی شەممە، 16-7-2022 بەردەوام دەبێت.
 
لەدوای رێوڕەسمی نێو فڕۆکەخانەکە، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی بایدن لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت. پاشان گەشتێكی مەیدانی لەگەڵ بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەنجامدەدات و تێیدا سەردانی بنکەی ئاسمانی "بالماش" نزیک فڕۆکەخانەی "بین گۆرین" دەکات.

 

 
لەو  گەشتە مەیدانییەدا، نمایشی تایبەت بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ناسراو بە "گومەزی ئاسنین" ئەنجامدەدرێت.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، ئیدارەی بایدن بڕیاری کڕینی سیستمی "گومەزی ئاسنین"ـی داوە و  چاوەڕێش دەکرێت بایدن فەرمان دەربکات بۆ دەستکردن بە گفتوگۆکانی تایبەت بە کڕینی سیستمەکە.
 
یەکێك لەو شوێنانەی کە بڕیارە بایدن لە یەکەم رۆژ سەردانیان بکات، مۆزەخانەی "یاد فاشیم"ـی تایبەت بە " هۆلۆکۆست"ـە.
 
"هۆلۆکسۆت" ناوی ئەو هەڵمەتەیە کە بە گوتەی جووەکان، دەوڵەتی نازیی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی هیتلەر دژ بە جووەکان لە ئەڵمانیا و ئەوروپا ئەنجامیدا و وەک دەگوترێت زیاتر لە شەش ملیۆن جوو بە شێوازی جیاجیا کوژران، هەر لە هێشتنەوەیان بە برسێتی لە کەمپەکانی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانیان تاوەکو خنکاندنیان بە گازە ژەهرواییەکان.
 
سەردانەکەی بایدن لەدوای نزیکەی 18 مانگ لە وەرگرتنی دەسەڵات دێت، لە کاتێكدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ئایاری ساڵی 2017، کەمتر لە چوار مانگ لە بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەبەردەم " دیواری رۆژئاوا" و بە کڵاوی بازنەییە بچووکەکەی جووەکانەوە وەستا.
 
بایدن بە نیازە بەشێک لە سیاسەتی " ئەوپەڕی پشتگیری" بۆ ئیسرائیل و "پشتکردن لە فەلەستینییەکان" کە ترەمپ پەیڕەوی دەکرد، بگۆڕێت. لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە رۆژی هەینی 15-7 لە بەیت لەحەم لە کەناری رۆژئاوا لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی کۆببێتەوە.
 
هەروەها سەردانەکەی بایدن لەدوای چەند رۆژێكی کەم لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئیسرائیل دێت و رادەستکردنی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران لە نافتالی بینێت-ەوە بۆ یائیر لاپید تاوەکو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا ئەنجامبدرێت.
 
لەو چوارچێوەیەدا رۆژی پێنجشەممە، 14-7-2022، بایدن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل کۆدەبێتەوە و پاشان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان دەبێت و دواتر لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ نارێندرا موودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و محەممەد بن زاید ئان نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە.
 
پاشان بایدن کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ یەساک هەرتسووع، سەرۆکی ئیسرائیل و پاشان لەگەل بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل ئەنجام دەدات.
 
بەگوێرەی خشتەی بەرنامەی گەشتەکەی بۆ ناوچەکە، بڕیارە بایدن رۆژی هەینی، 15-7-2022، بچێتە نەخۆشخانەی ئۆگستا ڤیکتۆریا لە رۆژهەڵاتی قودس، بەو جۆرەش بایدن دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا کە سەردانی ناوچەیەکی زۆرینە فەلەستینی دەرەوەی قودس-ئۆرشەلیم بکات.
 
رۆژی هەینی-یش فڕۆکەکەی بایدن لە فڕۆکەخانەی "بین گۆریۆن"ـی ئیسرائیلەوە راستەوخۆ بەرەو سعودیە دەڕوات، ئەوەش یەکەمین گەشتی راستەوخۆی ئاسمانیی نێوان ئیسرائیل و سعودیە دەبێت کە لەمێژووی ئەو دوو وڵاتە تۆمار بکرێت.
 
رۆژی شەممە، 16-7-2022 بایدن لە سعودیە کۆبوونەوەیەکی لووتکە لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و چەند سەرۆکێکی دیکەی ناوچەکە دەکات و کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.
 
لە کاتێکدا ئیدارەی بایدن تێدەکۆشێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بایدن چەند جارێک باسی گەشتەکەی کردووە و ئاماژەی بە گرنگی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و هەروەها کۆبوونەوەی لووتکەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە کردووە.
 
لەو بارەیەوە ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "هەوڵی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی سەربازی و ئەمنی لە دژی ئێران سەرکەوتوو نابێت." راشیگەیاند: "هەوڵی ئەمریکا ئەوەیە بە درووشمی سیستمی هاوبەشی بەرگریی ئاسمانی، رژێمی زایۆنی پەلکێشی نێو پرسی ئاسایشی ناوچەکە بکات، ئەوەش نابێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە".
 
سەبارەت بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانیش، کەنعانی گوتی: "ئەمریکا لە بەڵێنەکانی دانوستاندن بۆ گەڕانەوەی نێو رێککەوتنی ئەتۆمی پاشگەزبووەتەوە و تاوەکو ئێستاش کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستیپێکردنەوەی گفتوگۆکان نییە، بەڵام دیارینەکردنی ئەو کاتە واتای شکستی دانوستاندنەکان نییە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە