21 هاونیشتمانی لە لوبنان دەستبەسەرن

13-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

21 هاونیشتمانی لە شارێکی لوبنان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ چوونە ئەورووپا لەو وڵاتەوە دەستگیر کراون. باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان داوای هاوکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتیش دەڵێت، کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی هەموویان.
 
هاونیشتمانییەکان 21 کەسن و نزیکەی 20 رۆژ لەمەوبەر لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە لوبنان، کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای سلێمانین.
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد، باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو کوڕەکەم تەلەفۆنی کرد و گوتی لە شاری تەرابلووسی لوبنان لە زینداندانم."
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد دەڵێت، "لەنێو دەستگیرکراواندا کوڕێکم و خوشكەزایەکم هەن و پێیان گوتراوە، گوایە دەیانەوێ بچنە ئەورووپا."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، تۆمەتەکە لە کاتێکدایە، کەس لوبنان بۆ کۆچبەری بەکارناهێنێت و ئەوان بۆ گەشتیاریی چوونەتە ئەو وڵاتە.
 
ئەو هاونیشتمانییە کە کوڕەکەی بەناوی پێشڕەو لەنێو دەستگیرکراواندایە ئاماژەی بەوەکرد، "تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان یان عێراق نەچن بە هانایانەوە، کەسیان ئازادناکرێ و ئەگەر هەیە بە تۆمەتی جیاواز دادگایی بکرێن و سزا بدرێن."
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هەرچی زووە بەدەم ئەو دەستگیرکراوەکانەوە بچن و ئازادیان بکەن.
 
عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگاداری دۆخی گیراوانین، ئەوان سەرەتا بەربڵاو دەستگیر کرابوون، ئێستا هەموویان لە یەک شوێن زیندانی کراون."
 
عەبدولخالق محەممەد گوتی: "کاردەکەین بۆ گەڕانەوەی هەموویان. ئەوانەی پاسپۆرتیان پێ نییە بە هەر هۆکارێک بێت، پاسپۆرتی کاتیی یەک سەرەیان بە هاوئاهەنگی باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان بۆ دەردەکەین و دەیانگەڕێنینەوە."
 
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاونیشتمانیانە تیمی تایبەت رادەسپێرن و کار بۆ گەڕانەوەیان دەکەن.
 
شاری تەرابلووس 85 کیلۆمەتر لە لە باکووری بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە