ئیسرائیل بۆ هاووڵاتییانی یەمەن: لە بەندەرەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان دووربکەونەوە

14-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی یەمەن دەکات لەو سێ بەندەرە دووربکەونەوە کە لەژێر دەسەڵاتی حووسییەکاندان. ئەم هۆشدارییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئەو بەندەرانە بۆردوومان دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ حووسییەکان مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
 
رۆژی چوارشەممە، 14ی ئایاری 2025 ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "بەهۆی بەکارهێنانی بەندەرەکان لەلایەن حووسییە تیرۆریستەکانەوە داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین لەو بەندەرانەن، بۆ سەلامەتی خۆیان ئەو بەندەرانە چۆڵ بکەن و لێیان دووربکەونەوە."
 
ئەو بەندەرانەی سوپای ئیسرائیل داوای کردووە چۆڵ بکرێن بریتین لە بەندەری رەئس عیسا، بەندەری حودەیدە و بەندەری سەلیف.
 
راگەیێندراوەکەی ئەفیخای ئەدرەعی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مووشەکێکی خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوو.
 
سوپای ئیسرائیل روونی نەکردووەتەوە لە چ شوێنێک ئەو مووشەکەی خستووەتە خوارەوە.
 
ئەوە دووەم مووشەکی حووسییەکانە کە سوپای ئیسرائیل لە 24 کاژێری رابردوودا دەیخاتە خوارەوە.
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە تشرینی دووەمی 2023، حووسییەکان هاوسۆزیی خۆیان بۆ حەماس دەربڕی و لەو کاتەوە چەندین جار هێرشیان کردوەتە سەر ئیسرائیل.
 
وەک وەڵامدانەوەیەک، هەفتەی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و لە سێ وێستگەی کارەباشی دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە