ئیسرائیل لەپێناو سەلامەتییان 'هەموو' فڕۆکە مەدەنییەکانی بردووەتە قوبرس، یۆنان و ئەمریکا

14-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن لە تەلئەڤیڤ بەڕووی هەموو گەشتەکاندا داخراوە و کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکەش نازانرێت. میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە مەدەنییەکانی وڵاتەکە گوێزراونەتەوە بۆ قوبرس، یۆنان و ئەمریکا لەپێناو پاراستنیان لە هێرشی ئێران.
 
رۆژنامەی (تایمز ئۆڤ ئیسرائیل) ئاماژەی بەوە کردووە، سێ لە هێڵە ئاسمانییە سەرەکییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەکانیان گواستووەتەوە بۆ وڵاتانی دیکە و هەموو گەشتە نێودەوڵەتییەکان وەستاون.
 
بەهۆی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13ی حوزەیران بە هێرشی سەدان فڕۆکە و درۆنی جەنگیی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد، هەموو هێڵە ئاسمانییەکانی جیهان گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل راگرت، دیاریش نییە کە گەشتەکان کەی دەستپێدەکەنەوە.
 
جگە لە ئیسرائیل، هەریەکە لە ئێران، عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنان دوێنێ ئاسمانی وڵاتەکانیان بەڕووی فڕۆکەی مەدەنیدا داخست، ئەمڕۆ هەریەکە لە سووریا، لوبنان و ئوردن رایانگەیاند کە ئاسمانی وڵاتەکانیان بەڕووی فڕۆکەی مەدەنیدا کردووەتەوە، بەڵام عێراق هێشتا بڕیاری نەداوە.
 
رۆژنامەی مەعاریف-ی ئیسرائیلی دەڵێت، سەرجەم فڕۆکە مەدەنییەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەپێناو سەلامەتییان، گوێزراونەتەوە بۆ قوبرس، یۆنان و ئەمریکا.
 
بە پشتبەستن بە بەرپرسان، کەناڵ 12ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت کە فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن بۆ ماوەی 3 - 4 رۆژ بە داخراوی بمێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل رەتیان کردووەتەوە کە کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە دیاریکراو بێت.
 
بەپێی یۆرۆکۆنترۆڵ، دەستپێکردنی شەڕەکە و داخرانی ئاسمانی چەندین وڵاتی ناوچەکە بەڕووی فڕۆکەی مەدەنی، رۆژی هەینی کاریگەریی لەسەر نزیکەی 1800 گەشتی ئاسمانی لە ئەورووپاوە و بۆ ئەورووپا هەبووە، کە 650 لەو ژمارە لە گەشت هەڵوەشاونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە