رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەبێت گواستنەوەی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران و هەروەها بێبەشکردنی تاران لە توانای پیتاندنی زیاتر لەخۆ بگرێت.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی یەکشەممە 15ی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەرەو سویسرا بەڕێکەوت.
نەتەنیاهوو گوتی، دەبێت هەر رێککەوتنێک چەند رەگەزێکی تێدا بێت. دەشڵێت: "یەکەمیان ئەوەیە کە دەبێت هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران ببرێتە دەرەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "نابێت هیچ توانایەکی پیتاندنی هەبێت. دەبێت ئەو ئامێر و ژێرخانانەی رێگە بە پیتاندن دەدەن هەڵبووەشێنرێنەوە." جەختی لەوەش کردەوە، مەرجی سێیەم چارەسەرکردنی پرسی مووشەکە بالیستییەکانە.
ناڕوونییەکی زۆر سەبارەت بە چارەنووسی زیاتر لە 400 کیلۆیی یۆرانیۆمی 60٪ پیتێنراوی ئێران هەیە، کە دواجار لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن پشکنەرانی چاودێری ئەتۆمییەوە بینرابوو، پێش هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکان.
نەتەنیاهوو لە کۆنفرانسی سەرۆکی رێکخراوە جووە گەورەکانی ئەمریکادا لە قودس-ئۆرشەلیم گوتی، کە لە کاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا، جەختی لەسەر ئەم مەرجانە کردووەتەوە.
نەتەنیاهوو درێژەی بە پرسی ئێراندا گوتی، "دەبێت پشکنینی راستەقینە و بنەڕەتی هەبێت، نەک پشکنینێک کە کاتی پێشوەختەی بۆ دیاری بکرێت، بەڵکو پشکنینی کاریگەر بۆ هەموو ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێکرد." جەختی کردەوە کە "ئەمانە ئەو پرسانەن کە ئێمە پێمان وایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن گرنگن."
تاران و واشنتن لە 6ی شوبات لە مەسقەت دەستیان بە دانوستانەکان کردەوە، دوای ئەوەی گفتوگۆکانی پێشوو بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوو پەککەوتن، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی 12 رۆژە.
ئەم گەڕەی دانوستانەکان لە کاتێکدایە کە واشنتن هەڕەشەی کردەی سەربازی لە تاران کردووە و گروپێکی فڕۆکەهەڵگری رەوانەی ناوچەکە کردووە و یەکێکی دیکەش لە رێگەدایە.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی کە دوو بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ قسەیان بۆ کردوون، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ ئێران، واشنتن پاڵپشتی بۆردوومانکردنی ژێرخانی مووشەکی بالیستی تاران لەلایەن تەلئەڤیڤەوە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ