رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات رەخنەی تووند لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگرێت و دەڵێت، تۆمەتبارکردنی ئیمارات گوزارشت لە "ئیفلاسی ئەخلاقی و شکستی سەربازیی" تاران دەکات لە بەرامبەر ئیسرائیل و واشنتن.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وەڵامی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئیمارات کراون نیشانەی "سیاسەتێکی سەرلێشێواون کە ناونیشانەکەی هەڵەیە، قیبلەنمای لێ تێکچووە و دانایی تێدا نییە."
قەرقاش ئاماژەی بەوە کرد، دوای 1909 هێرشی "ستەمکارانەی" ئێران بۆ سەر ئیمارات، عێراقچی دێت و ئیمارات بە دەستدرێژی بۆ سەر ئێران تۆمەتبار دەکات. جەختیشی کردەوە ئیمارات مافی پاراستنی خۆی هەیە لە بەرامبەر ئەو "دەستدرێژییە تیرۆریستییەی" بەسەریدا سەپێنراوە، بەڵام وڵاتەکەی هێشتا لۆژیک بەکاردەهێنێت و دانبەخۆداگرتنی هەڵبژاردووە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئێران و ناوچەکە.
راوێژکارەکەی سەرۆکی ئیمارات گوتی: "لێدوانەکانی عێراقچی بوونە هۆی شەرمەزارکردنی وڵاتەکەی و قووڵکردنەوەی گۆشەگیریی تاران، وەزیری ئێرانی دەزانێت کە ئیمارات تاوەکو کۆتا سات هەوڵی راستگۆیانەی داوە بۆ نێوەندگیری لەنێوان واشنتن و تاران بۆ دوورکەوتنەوە لەم جەنگە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەرقاش باسی لەوە کرد، ستراتیژییەتی ئێران لە بەئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو بەهۆی نەتوانینی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گورزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، "گوزارشت لە شکستێکی سەربازی، ئیفلاسی ئەخلاقی و گۆشەگیریی سیاسی دەکات."
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەوڵەتی ئیمارات بە حەواندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتبار کرد و گوتی، هێرشەکەی سەر دوورگەی "خارگ" لەنێو خاکی ئیماراتەوە ئەنجامدراوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، رایگەیاند، هێرشەکانی سەر دوورگەی خارگ لە "رەئسولخەیمە" و ناوچەیەکی نزیک لە "دووبەی"ـەوە کراون. عێراقچی گوتیشی: "مووشەکەکانی هیمارس لە وڵاتێکی دراوسێوە ئاراستە کراون."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، تاران وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی بکاتە ئامانج. گوتیشی: "ئەگەر دامەزراوەکانی ئێران بکرێنە ئامانج، رەنگە هێزەکانی تاران دامەزراوەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکە، یان ئەو شوێنانەی ئەمریکا پشکی تێیاندا هەیە، بکەنە ئامانج."
لە هەمان کاتدا، بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێرانی لە راگەیێندراوێکدا رووی دەمی لە سەرکردەکانی ئیمارات کردووە و دەڵێت: "مافی خۆمانە سەرچاوەی مووشەکەکان لە بەندەرەکان و حەشارگە سەربازییەکانی ئەمریکا بپێکین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ