رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی 4"، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجگەلێک لە تەل ئەڤیڤ و سێ بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە، یەکێکیان لە هەولێرە. دەشڵێت: "ئەگەر نەتەنیاهوو زیندوو بێت، لە هەوڵی کوشتنی بەردەوام دەبین."
رۆژی یەکشەممە 15-3-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان لە شەپۆلی 52ـەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی 4" بە کۆدی (یا زەینەب کوبرا)، هێرشێکی تێکەڵاویان کردووەتە سەر "ناوچە داگیرکراوەکان" و سێ بنکەی ئەمریکی، وەک تۆڵەیەک بۆ خوێنی ئەو کرێکارانەی لە شارۆچکە پیشەسازییەکانی ئێران "شەهید کران".
سوپای پاسداران دەڵێت، مووشەکە قورسەکانیان کەرتی پیشەسازیی تەلئەڤیڤیان پێکاوە و دەنگی بەردەوامی ئەمبوڵانسەکان و دانپێدانانی ناوەندە ئیسرائیلییەکان بە زیادبوونی کوژراو و بریندارەکان، "قوڵایی گورزەکە" نیشان دەدەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جگە لە ئیسرائیل، سێ بنکەی سەربازیی ئەمریکا بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج کە بریتین لە: بنکەی ئاسمانیی هەریر لە هەولێر، بنکەی عەلی ئەلسالم و بنکەی عەریفجان لە کوێت. بە گوێرەی سوپای پاسداران، ئەو بنکانە "بەتەواوی خاپوور کراون".
تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی و نافەرمی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی هەریریان لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستنەکردووەتەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، چارەنووسی بنیامین نەتەنیاهوو نادیارە و ئەگەری کوژرانی یان راکردنی خۆی و خێزانەکەی هەیە: "لە ئەگەری زیندوومانی ئەم تاوانبارە، بە هەموو هێزێکمانەوە بەردەوام دەبین لە شوێنپێهەڵگرتن و کوشتنی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ