رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بەردەوامە و یان دەریدەهێنن یان وڵاتەکە بۆردوومان دەکەنەوە؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل داوای کردبوو بردنە دەرەوەی یۆرانیۆم لە ئێران ببێتە ئامانجی سەرەکیی جەنگ.
رۆژی هەینی، 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شۆن هانیتی لە کەناڵی فۆکس نیوز، کە لە کاتی سەردانەکەی بۆ چین کردی، رایگەیاند: "هەست بە باشی دەکەم ئەگەر ماددەکانمان دەستبکەوێت، بەڵام پێموایە ئەمە زیاتر بۆ مەبەستی پاراستنی پەیوەندییە گشتییەکانە نەک هەر شتێکی دیکە."
سەرۆکی ئەمریکا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر تاران گوتی: "کارێکی دیکە کە دەتوانین بیکەین ئەوەیە دووبارە بۆردوومانیان بکەینەوە، بەڵام من تەنیا هەست بە باشی دەکەم ئەگەر ماددەکانمان دەستبکەوێت و دەستیشمان دەکەوێت."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە رۆژی 28ی شوبات لەگەڵ ترەمپ فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێرانیان دەرکرد، ئەم هەفتەیە لە هەڤپەیڤینێکدا گوتبووی جەنگەکە "کۆتایی نەهاتووە" چونکە دەبێت ماددە ئەتۆمییە هەستیارەکان لە ئێران ببرێنە دەرەوە.
ترەمپ لە حوزەیرانی پار فەرمانی بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی دەرکرد و رایگەیاند کە ئەو شوێنانە "بە تەواوەتی لەناوبراون." هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا ئەم بانگەشەیە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام جەنگی ئەمساڵی بەو پاساوە دەستپێکرد کە ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە، هەرچەندە پشکێنەرانی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو زانیارییانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا ئێران شوێنی کۆگاکردنی یۆرانیۆمە زۆر پیتێندراوەکەی ئاشکرا نەکردووە. شارەزایان پێیانوایە ئەو ماددانە لە قوڵاییەکی زۆری ژێر زەویدا شاردراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە دەستبەسەرداگرتنیان بەبێ زانیاریی هەواڵگریی زۆر ورد، کارێکی ئێجگار ئەستەم بێت.
تاران لە دوای کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ نزیکەی پلەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمئ بەرزکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە واشنتن و تەلئەڤیڤ بە گومانێکی زۆرەوە سەیری هەر هەنگاوێکی داهاتووی ئێران بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ