عێراقچی: ئێران سەرکەوتووی جەنگەکەیە و ئیرادەی خۆی بەسەر ئەمریکادا سەپاند

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی گرووپی (برێکس)دا هەموو وڵاتان کۆکن لەسەر ئەوەی "ئێران سەرکەوتووی جەنگی 40 رۆژەی رابردووە و توانیویەتی ئیرادەی خۆی بەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل دا بسەپێنێت". دەشڵێت: "ئەم جەنگە بووەتە خاڵێکی وەرچەرخان لە ناوچەکەدا."
 
شەوی پێنجشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکانی لە پەراوێزی لووتکەی برێکس بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "تەوەرەی هاوبەشی هەموو دیدارەکان، بارودۆخی ئێستا و ئەم جەنگ و دەستدرێژییە نایاساییەیە کە کراوەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی بەشدار لە لووتکەکە بەپەرۆش بوون بزانن ئێران چۆن بەرگریی کردووە و "بە سەربەرزی" لە جەنگەکە هاتووەتە دەرەوە. گوتیشی: "خاڵێک کە بە بڕوای من جێگەی سەرنجی زۆرە، ئەوەیە کە ئێستا هەموو وڵاتان دان بەوەدادەنێن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوتووی جەنگی ئەم دواییەیە و توانیویەتی دووژمنان لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان بێئومێد بکات."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لەمەودوا بە چاوێکی دیکەوە تەماشای وڵاتەکەی بکرێت و گوتی: "دەبێ وەک هێز و ئەکتەرێک سەیری ئێران بکرێت، کە توانیویەتی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت و توانای رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین زلهێزەکانی هەیە."
 
بەگوتەی عێراقچی، ئەم راستییە لە قسەی هەموو ئەو شاندانەدا دەبینرا کە چاوی پێیان کەوتووە، هەروەها لە گوتاری بەشداربووانی کۆبوونەوەی برێکسیشدا رەنگی داوەتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە قۆناخی نوێی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "ئەم جەنگە بووەتە خاڵێکی وەرچەرخان لە ناوچەکەماندا و پێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە رادەیەکی زۆر بەرز کردووەتەوە."
 
عێراقچی پێیوایە ئێستا کاتی ئەوەیە تاران پێگەی خۆی جێگیر بکات و رۆڵی زیاتر بگێڕێت بۆ "چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری"، چونکە بە گوتەی ئەو "راستییەکان دوای جەنگ بە تەواوی روون بوونەتەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە