رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، رێگەی ئاسمانی گەیشتنیان بە تاران کردووەتەوە و لە هێرشەکانیشیان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.
رۆژی یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوپای وڵاتەکەی و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، "رێگەی ئاسمانی گەیشتنمان بە تاران کردووەتەوە و بە وردی ژێرخان و بنکە ئەتۆمییەکانی رژێم بۆردوومان دەکەین". دەشڵێت، "بە ئۆپەراسیۆنەکانمان هەڕەشەکانی سەرمان ناهێڵین و ئاسایشی وڵاتەکەشمان بەهێز دەکەین".
رۆژی هەینی ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. بە گوێرەی ئاماری فەرمی، لە ئێران بەهۆی هێرشەکانەوە 128 کەس کوژراون، لە ئیسرائیلیش 13 کەس گیانیان لەدەستداوە.
سوپاسالاری ئیسرائیل گوتیشی، "لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین تاوەکو بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکان".
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، دەیانەوێت توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی تاران لەنێو ببەن. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، تاوەکو ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت، ئەوانیش بە تووندتر وەڵام دەدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ