لە رەمەزاندا پۆلیسی ئیسرائیل هێزەکانی لە دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا بڵاودەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزێکی زۆر لە دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا بڵاودەکەنەوە لە مانگی رەمەزاندا، کە ئەم هەفتەیە دەستپێدەکات. ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی فەلەستینی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن، رێگری بۆ نوێژخوێنان لەو مزگەوتەدا دروستکردووە. 
 
لە مانگی رەمەزاندا، سەدان هەزار فەلەستینی بەشداری نوێژ دەکەن لە مزگەوتی ئەقسا، کە سێیەم پیرۆزترین شوێنی ئیسلامە و دەکەوێتە قودسی رۆژهەڵات؛ ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل لە ساڵی 1967 دەستی بەسەردا گرت و دواتر بەخۆیەوە لکاندی.
 
ئاراد براڤەرمان، ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی قودس گوتی، هێزەکان "بە شەو و بە رۆژ" لە ناو حەوشەکانی مزگەوتەکەدا (کە لای جووەکان بە کێوی پەرستگا ناسراوە) و لە ناوچەکانی دەوروبەری بڵاوەیان پێدەکرێت.
 
ناوبراو دەشڵێت، هەزاران پۆلیس لە رۆژانی هەینیدا لە ئەرکدا دەبن، چونکە ئەو رۆژە زۆرترین ژمارەی نوێژخوێنی مسوڵمان کۆدەبنەوە.
 
براڤەرمان ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس پێشنیازی دەرکردنی 10 هەزار مۆڵەتی کردووە بۆ ئەو فەلەستینییانەی لە کەناری رۆژئاواوە دێن، کە پێویستیان بە رێپێدانی تایبەت هەیە بۆ چوونە ناو قودس. باسی لەوە نەکرد ئایا مەرجی تەمەن جێبەجێ دەکرێت یان نا، گوتیشی، ژمارەی کۆتایی کەسەکان لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
 
پارێزگاری قودسی فەلەستینییەکان لە راگەیێندراوێکی جیاوازدا رایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە مۆڵەتەکان جارێکی دیکە تەنیا بۆ پیاوانی سەرو 55 ساڵ و ژنانی سەرو 50 ساڵ دەبن، کە ئەمەش هاوشێوەی پێوەرەکانی ساڵی رابردووە.
 
هەروەها گوتی، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگرییان لە "وەقفی ئیسلامی" کردووە (ئەو دەستە ئەردەنییەی کە شوێنەکە بەڕێوەدەبات) بۆ ئەوەی کارە رۆتینییەکانی ئامادەکاری ئەنجام بدات، لەوانە دانانی سێبەر و کلینیکی پزیشکی کاتی.
 
سەرچاوەیەک لە وەقفەکە ئەو سنووردارکردنانەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، 33 فەرمانبەری وەقفەکە لە هەفتەی پێش رەمەزاندا رێگرییان لێکراوە بچنە ناو حەوشەکانی مزگەوتەکەوە.
 
مزگەوتی ئەقسا هێمایەکی سەرەکی ناسنامەی فەلەستینییەکانە و زۆرجاریش گرژی و پێکدادانی لێ دروستدەبێت.
 
بەپێی رێککەوتنە کۆنەکان، جووەکان دەتوانن سەردانی حەوشەکانی مزگەوتەکە بکەن (کە لای ئەوان پیرۆزە وەک شوێنی پەرستگای دووەمیان کە رۆمانەکان لە ساڵی 70ی زایینیدا تێکیان دا)، بەڵام رێگەیان پێنادرێت لەوێ نوێژ بکەن.
 
ئیسرائیل دەڵێت پابەندە بە پاراستنی ئەم بارودۆخە، بەڵام فەلەستینییەکان دەترسن ئەو دۆخە تێکبچێت. براڤەرمان رۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە، کە هیچ پلانێک بۆ گۆڕانکاری نییە.
 
لە ساڵانی رابردوودا، ژمارەی ئەو جووانەی ئەو قەدەخەکردنەیان پێشێل کردووە زیادی کردووە. بەشێکیان راستڕۆی تووندڕەون و سەرکردەی سیاسیشی تێدابووە، لەوانە ئیتمار بن گڤیر، کە ئەو کات وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل بوو لە ساڵانی 2024 و 2025دا لەوێ نوێژی کرد. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە