رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هەریەک لە باڵیۆزخانەکانی ئەڵمانیا، سویسرا و ئەمریکا لە تەلئەڤیڤ داخران. هەروەها، ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی و ئاسیاییش هاووڵاتییانیان لەو وڵاتە دەبەنە دەرەوە.
رۆژی دووشەممە، 16ی حوزەیرانی 2025، باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانە و هەردوو کۆنسووڵخانەکانیان لەو وڵاتە داخست. دەشڵێن، کردنەوەی ئەو ناوەندانە دوای راگەیێندراوێکی دیکە دەبێت.
هەریەک لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی سویسرا و ئەمریکاش بە هەمان هۆکارەوە لە ئیسرائیل داخراون.
داخستنی ئەو باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانانە لەکاتێکدایە رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر سوپای پاسدارانیش بە مووشەک وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. تەلئەڤیڤ هەڕەشەی هێرشی زیاتر و ئێرانیش هەڕەشەی وەڵامی تووندتر دەکات.
جگە لە داخستنی ئەو باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانانە هەریەک لە وڵاتانی لیتوانیا، چێک، سلۆڤاکیا، تایوان، کازاخستان، پۆرتوگاقل، کیرگیزستان، ئۆزبەکستان و تاجیکستان بڕیاریانداوە بە نزیکترین کات هاووڵاتییانیان لەو وڵاتە ببنە دەرەوە.
بەهۆی داخستنی ئاسمانی ئیسرائیل و راگەیاندنی باری لەناکاوەوە لە ئیسرائیل، بردنە دەرەوەی ئەو هاووڵاتییانە قورسە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو وڵاتانەی سەرەوە سنووری ئوردن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان بەکاردەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ