رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات ئامادەیی نیشانداوە بەشداری لە هەوڵەکانی ئەمریکا بکات بۆ پاراستنی تەنگەى هورمز و گەرەنتیی هاتووچۆی کەشتییەکان، بەو مەرجەی رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان لایەنەکاندا هەبێت.
ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات، رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026 لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا لەگەڵ سەنتەرى "ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە"ی ئەمریکا رایگەیاند: "بەرپرسیارێتیی هەموومانە گەرەنتیی هاتووچۆی بازرگانی و وزە بکەین."
قەرقاش ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت وڵاتەکەی بەشداری لەو هەوڵانەی ئەمریکا بکات کە بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان دەستیپێکردووە، بەڵام گوتیشی هێشتا هیچ پلانێکی فەرمی رێکنەخراوە و گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
راوێژکارەکەی سەرۆکی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، پێویستە رێککەوتن و رێکارێکی نوێ هەبێت بۆ ئەوەی دڵنیابن تاران چیتر ناتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکی و درۆنەکانی بۆ "تۆقاندنی ناوچەکە" بەکاربهێنێت.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هاوپەیمانەکانی کردووە هاوپەیمانێتییەک بۆ کردنەوەی تەنگەى هورمز و پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دروست بکەن.
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، تاران بە کردەیی تەنگەى هورمزی پەکخستووە و ترافیکی کەشتییەکان بە رێژەی 97٪ کەمی کردووە، ئەمەش نرخی نەوتی بۆ سەرووی 120 دۆلار بەرزکردووەتەوە.
لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامن و واشنتن رایگەیاندووە کە تەواوی هێزی دەریایی و ئاسمانیی تارانیان تێکشکاندووە.
ئیمارات، کە یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پێشتر رووبەڕووی هێرشی درۆنیی تاران ببووەوە، بۆیە ئێستا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ واشنتن، ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکانی و رێڕەوە ئاوییەکان بپارێزێت.
جێگیرکردنی سیستمەکانی پاتریۆت کە ئەمریکا لە ئاسیاوە بۆ کەنداو گواستوویەتییەوە، بەشێکە لەم هەوڵە هاوبەشانە بۆ راماڵینی هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ