رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی 60ـەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"ی لە رێگەی چەند مووشەکی جیاواز و درۆنی زیرەکەوە بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند.
چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەپۆلی 60یەمی ئۆپەراسیۆنەکە بە دروشمی"ئەی قەمەری بەنی هاشم" و بە یادکردنەوەی شەهید "غوڵام رەزا سلێمانی" کردووە و تێیدا چەندین ئامانجی لە ناو جەرگەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرش کراوەتە سەر تەلئەڤیڤ و بەتایبەتیش ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەکی سەربازیی ئاسمانی و ناوەندەکانی پشتیوانی سووتەمەنیی فڕۆکە.
سوپای پاسداران دەڵێت، بۆ ئەو هێرشانە مووشەکی عیماد، قیام، زولفەقار، دێزفول و مووشەکی کرووز و درۆنی خۆتەقێنیان بەکارهێناوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە ناوەندەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی "زەفرە"، بنکەی دەریایی "ئەلزەرق" و بنکەی ئاسمانیی " ئەلعەدید" و ئەلخەرەج" کراونەتە ئامانج.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئۆپەراسیۆنەکە لە کاژێر 1ی بەرەبەیانی چوارشەممە کراوە و "بە سەرکەوتوویی" ئامانجەکانی پێکاوە.
بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاتێکدایە، شەڕی نێوان ئەو لایەنانە پێی ناوەتە رۆژی 19ـەیەمەوە.
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، کە لە ئەنجامیدا چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کوژراون، لەوانەش عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە وەڵامدا سوپای پاسدارانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ