ئێران تەلئەڤیڤی مووشەکباران کرد و دوو کەس کوژران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشێکی نوێی مووشەکبارانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری تەلئەڤیڤ، کوژرانی دوو کەسی لێکەوتەوە. بەوهۆیەشەوە کۆمپانیای شەمەندەفەری ئیسرائیل گەشتەکانی لە سەرانسەری وڵاتەکە راگرت.
 
رۆژی چوارشەممە 18-03-2026 دین ئێڵسدن، گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری رەمەتگان لە نزیک تەلئەڤیڤ بە بۆمبێکی هێشوویی پێکراوە.
 
بەگوتەی پۆلیس، بۆمبەکە بووەتە هۆی داڕمانی سەربانی ژووری دوو هاوژینی بەساڵاچوو و هەر لەوێ گیانیان لەدەستداوە. گوتەبێژی پۆلیس گوتی: "بەداخەوە ئەم دوو هاوژینە کاتێک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە نەچوونەتە ژووری پارێزراو، بۆیە ئەم تراژیدیایە روویدا." 
 
کۆمپانیای شەمەندەفەری ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، پارچەی مووشەکەکان بەر سەکۆکانی وێستگەی سەرەکیی تەلئەڤیڤ کەوتوون و زیانیان پێگەیاندووە، هەر بۆیە بڕیاردرا "گەشتی شەمەندەفەرەکان بە شێوەیەکی کاتی لە سەرانسەری وڵات رابگیرێن." دەزگەی فریاکەوتی ماگن دەیڤد ئادۆم دیمەنی چەندین ئۆتۆمبێلی سووتاو و وێرانیی ناوچەکەی بڵاوکردەوە.
 
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، ئەم مووشەکبارانە "وەک تۆڵەی خوێنی شەهید دکتۆر عەلی لاریجانی و هاوەڵەکانی" کراوە. ئیسرائیل رۆژی سێشەممە رایگەیاندبوو لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی لە تاران کوشتووە.
 
بە کوژرانی ئەم دوو کەسە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە دەستپێکی جەنگ لە کۆتایی مانگی رابردوودا بەهۆی مووشەکەکانی ئێرانەوە کوژراون، گەیشتە 14 کەس. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەم هێرشە خوێناوییە، لانیکەم دوو شەپۆلی دیکەی مووشەکی لە ئێرانەوە ئاراستە کراون و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە نێوەڕاست و باشووری ئیسرائیل لێدراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە