رووداو دیجیتاڵ
بێلا حەدید، نمایشکاری بەنێوبانگی جیهانی لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتگیریی خۆی بۆ گەلی کورد دەردەبڕێت و ناوی "کوردستان" دەخاتە پاڵ ئەو وڵاتانەی کە داوای ئازادکردنیان دەکات.
بێلا حەدید، کە بە رەچەڵەک فەلەستینییە و یەکێکە لە دیارترین نمایشکارانی جیهان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام، کە زیاتر لە 61 ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە، پۆستێکی لەبارەی رەتکردنەوەی تووندوتیژی بڵاوکردووەتەوە.
حەدید لە بڵاوکراوەکەیدا گوتەیەکی مارتن لۆسەر کینگی داناوە کە باس لە خراپی و بێسوودیی تووندوتیژی دەکات، لە بەشی کۆمێنت (لێدوان)یشدا لیستی چەند وڵاتێکی داناوە و نووسیویەتی، "کوردستان ئازاد بکەن."
جگە لە کوردستان، بێلا حەدید لە هەمان لیستدا داوای ئازادی بۆ فەلەستین، ئێران، کۆنگۆ و سوودان دەکات و جەخت لەسەر پاراستنی چەوساوەکان لە سەرانسەری جیهان دەکاتەوە.
ئەو نمایشکارە جیهانییە رەخنەی لە بەکارهێنانی مرۆڤ بۆ مەرامی سیاسی گرتووە و دەڵێت، "جیهان لەو دەسەڵاتدارانە رزگار بکەن کە مرۆڤ، خاک و کەرەستەکان وەک بارمتەی سیاسی بەکاردەهێنن."
هێنانی ناوی کوردستان لەلایەن بێلا حەدیدەوە دەنگدانەوەی زۆری لەنێو بەکارهێنەرانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە. بەشێک لە چالاکڤانان ئەو پەیامە بە هەوڵێک دەزانن بۆ راکێشانی سەرنجی جیهان بۆ سەر دۆزی کورد، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.
بێلا حەدید هەمیشە وەک یەکێک لە رەخنەگرانی سیاسەتەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا ناسراوە و پێشتریش چەندینجار بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە، لەوانەش داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ