رووداو دیجیتاڵ
بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە شاری جنێڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی دوایین ئامادەکارییەکان بەر لە دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، کە بڕیارە بەیانى رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت.
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوبات، وەزارەتى دەرەوەى عومان رایگەیاند، شاندێکی باڵای وڵاتەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبوونەتەوە بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەبارەی ئەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانەی لە سویسرا ئەنجام دەدرێن.
بەپێی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عومان، لەم دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامی دیالۆگ و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کردەوە، ئامانج و چاوەڕوانییەکانی لایەنەکانی ئەم دانوستاندنە پڕ بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، "عومان بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی جێگیری خۆی بۆ پشتگیریکردنی دیپلۆماسی و نزیککردنەوەی لایەنەکان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."
ئەلبوسەعیدی دەستخۆشی لەو متمانەیە کرد، لایەنەکان بە نێوەندگیریی وڵاتەکەی هەیانە و دووپاتیکردەوە مەسقەت بە جیدییەتێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بەرپرسیارێتییەدا دەکات، تاوەکو ناوچەکە لە مەترسیی جەنگ و ململانێ دووربکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بۆ سەرپەرشتیکردنی شاندی وڵاتەکەی گەیشتووەتە جنێڤ، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X نووسیویەتی، "من بە چەندین بیرۆکەی راستەقینەوە لە جنێڤم بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە."
عێراقچی وێڕای ئامادەیی بۆ گفتوگۆ، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن کرد و گوتی، "ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە، تەسلیمبوونە لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا."
عێراقچی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە دیدارێکی "تەکنیکیی قووڵ"ی لەگەڵ رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەنجامداوە بۆ تاووتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان تاران و ئاژانسەکە.
گرۆسی ئەم دیدارەی بە "گرنگ" وەسف کرد بەرلە دەستپێکردنی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی رۆژی سێشەممە.
هەوڵە نێوەندگیرییەکانی عومان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە رێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی سەربازی، بەتایبەت لە کاتێکدا کە واشنتن گوشارە ئابووری و سەربازییەکانی بۆ سەر تاران تووندتر کردووەتەوە.
مەسقەت بۆ زیاتر لە 10 ساڵە وەک "دەروازەیەکى نهێنی"ـی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا کار دەکات و توانیویەتی لە چەندین تەنگژەی ئاڵۆزدا رێگە بۆ رێککەوتنی سیاسی خۆش بکات.
گەڕی دووەمی ئەم دانوستاندنانە لە جنێڤ، دوای کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی مەسقەت دێت، کە وەک هەوڵێکی چڕ بۆ رزگارکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت.
تاران لەم قۆناخەدا دەیەوێت لەرێگەی هاوبەشە هەرێمییەکانییەوە، مەرجەکانی بۆ هەڵگرتنی سزاکان جێگیر بکات، لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ جەخت لەسەر گۆڕانکاریی ریشەیی لە رەفتارە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ