رووداو دیجیتاڵ
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆککۆماری تورکیا و راوێژکاری ئەڵمانیا جەنگی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ کرد. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بۆ ''کۆتاییهێنان'' بە جەنگی هەردوولا بەردەوام دەبن.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 20ی حوزەیرانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە و جەنگی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ کردووە.
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە راوێژکاری ئەڵمانیای گوتووە: ''پێویستە کێشەکانی پەیوەست بە ئەتۆم لەگەڵ ئێران، لەڕێی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن''.
بە گوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کردووە: ''ئەو شەڕوپێکدادانەی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، هەڕەشەکانی بۆ سەر ناوچەکە گەیاندووەتە بەرزترین ئاست''.
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە راوێژکاری ئەڵمانیای گوتووە: ''ئەم تووندوتیژییە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە هاتووەتەکایەوە، ئەگەری هەیە لە ئەنجامدا لەڕووی دروستبوونی شەپۆلی کۆچ و دزەکردنی مادەی ئەتۆمییەوە، زیان بە ناوچەکە و ئەورووپا بگەیێنێت''.
بە گوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی بۆ ''کۆتاییهێنان'' بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''شێری راپەڕیو'' هێرشی کردە سەر ئێران. کەمتر لە 20 کاژێر، ئێرانیش لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''پەیمانی راست 3'' هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردن، تاوەکو ئێستاش جەنگەکەیان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ