رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، وەزیری بەرگری پلانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی غەززەی پەسند کردووە، نزیکەی 60 هەزار سەربازی یەدەگیشی بۆ ئەو ئەرکە سەربازییە دیاریکردووە.
رۆژی چوارشەممە 20ی ئابی 2025 گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پلانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی غەززەی پەسند کردووە. گوتیشی، پلانەکە چەند رێکارێک لەخۆدەگرێت کە دیارترینیان راسپاردنی 60 هەزار سەربازی یەدەگە بۆ ئەو ئەرکە.
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە هەوڵێکە بۆ گوشارخستنە سەر حەماس و گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست.
ئەو گوتانەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە پێرێ حەماس رەزامەندی بۆ پێشنیازێکی میسر بۆ ئاگربەست پیشاندا.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، پێشنیازەکە 60 رۆژی ئاگربەست، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی غەززە، ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە لەخۆ دەگرێت. ئەوە جگە لە ئازادکردنی 10 بارمتە و رادەستکردنی تەرمی 18 بارمتە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل 140 زیندانی و هەموو گیراوە ژن، کچ و خوار 18 ساڵەکان ئازاد دەکات.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی سەربازیی ئیسرائیل بۆ میدیای ئەمریکا، حکومەتی ئیسرائیل هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازی ئاگربەستەکە دەکات و دواتر وەڵامی خۆی بە وڵاتانی نێوەندگیر دەداتەوە.
بڕیارەکەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، رۆژی 8ی ئەم مانگە کابینەی جەنگیی وڵاتەکە بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززەدا و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتەکەی کرد کە ئێستا 75%ی لەدەستە.
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە مووشەک و هێرشی زەوینی وەڵامی دایەوە.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا هەزار و 219 کەس کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. هەروەها، بە گوێرەی تەندروستی غەززە، هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 62 هەزار و 64 فەڵەستینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ