رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایدەگەیێنێت، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئێران و چوار دیپلۆماتی دیکەی ئەو وڵاتەیان وەک "کەسی نەخوازراو" دەستنیشان کردووە و دەبێت لە ماوەی 24 کاژێر خاکی سعودیە جێبهێڵن.
رۆژی شەممە، 21ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی و وڵاتانی کەنداو و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی.
سعودیە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامبوونی ئێران لە بەئامانجگرتنی سەروەریی وڵات، شوێنە مەدەنییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
بەپێی بڕیارەکەی ریاز، هەڵسورێنەری سەربازیی باڵیۆزخانەی ئێران، یاریدەدەرەکەی و سێ ئەندامی دیکەی نێردە دیپلۆماسییەکەی ئێران دەردەکرێن.
ریاز جەختی کردووەتەوە کە ئەم پێنج کەسە تەنیا یەک شەو و رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی خاکی سعودیە جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە راشیگەیاندووە کە رەفتارەکانی ئێران دژی پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی، رێککەوتنی پەکین و بڕیارە نێودەوڵەتییەکانن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و کاریگەریی خراپ لەسەر پەیوەندییەکانی ئێستا و داهاتووی نێوان هەردوو وڵات دروست دەکات.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، سعودیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سڵ لە هیچ رێکارێک ناکاتەوە بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش و خاکی وڵاتەکەی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ