بەهۆی گرژییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیلەوە دانیشتووانی سنووری ئەو دوو وڵاتە ماڵەکانیان جێدەهێڵن

21-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گرژییەکانی سوپای ئیسرائیل و  حیزبوڵڵا لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل
گرژییەکانی سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیلەوە دانیشتووانی ناوچەکانی سنوور بەهۆی ترس و دڵەراوکێوە ناچارن ناوچەکانیان جێبهێڵن. 
 
شارۆچکەی سوورە 20 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، نەسیمە سرووری خەڵکی ئەو ناوچەیەیە و ئێستا زێدی خۆی جێهێشتووە و دەڵێت، "ژیان لێرە زۆر گرانە، ناتوانیت بیهێنیتە پێش چاوت کە شتەکان لێرە چەندە گرانن. ناتوانین بەم شێوەیە بژین. سەرەڕای ئەو قەیرانانەی هەبوون، تووشی برسییەتی و رووبەڕووی شەڕیش بووینەتەوە، ناتوانین بەرگەی هەموو ئەمە بگرین."
 
لە دیوی ئیسرائیلیش سوپا داوای لە 27 هەزار دانیشتووی گوند و شارۆچکەی نزیک لە سنوور کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بچنە شوێنی سەلامەت.  
 
ئیستزک، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیە لە نزیک لە سنووری لوبنان دەژی، دەڵێت، "سوپای ئیسرائیل کورتەنامەیەکیان بۆ ناردین و پێیان راگەیاندین کە دەگوازرێینەوە بۆ شوێنێکی دیکە؛ هەر بۆیە ئێمە خۆمان ئامادە کردووە و بەرەو باشوور دەڕۆین."
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە 7ـی ئەم مانگەدا، گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل لە سنوور زیاتر بوون و هەردوولا رۆژانە تۆپبارانی پێگەکانی یەکدی دەکەن.
 
بەگوێرەی دوایین ئامار، لانیکەم 22 کەس لە لوبنان بەهۆی تۆپبارانی ئیسرائیلەوە و چوار سەربازیی ئیسرائیلیش بەهۆی تۆپبارانەکانی حیزبوڵڵاوە کوژراون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە