رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا، بە "خاڵێکی وەرچەخانی گەورە" لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا ناودەبات و دەڵێت، لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا لیژنەی هاوبەشی عێراقی – تورکی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئابووری (جێتکۆ) لە ئەنقەرە دەست بە کارەکانی دەکات.
د. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە رووماڵێکی بەرفراوان بوو تایبەت بە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی: "پەیوەندییەکی ستراتیژی و مێژوویی و بەرژەوەندی هاوبەش عێراق و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەنێو ئەو رێککەوتن و پەیماننامانەی کران ئەوەی تایبەتە بە وەزارەتی بازرگانی هەردوو وڵات، رێککەوتنەکە نەخشەرگایەکی دانا بۆ پێکهێنانی لیژنەی عێراقی- تورکی، بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری. لەگەڵ ئامادەکاریی پێشوەخت بۆ دیدارێکی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، کە لە دوو مانگی داهاتوودا لە ئەنقەرە دەکرێت، ئەوەش دەرگایەکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا دەکاتەوە".
گوتیشی: "پێکهێنانی لیژنەکان و واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکان لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا بەربەستەکانی بەردەم ئەو دوو وڵاتە لادەبات و دەرگە واڵا دەکات بۆ پەرەپێدانی زیاتر."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئەرکی لیژنەی هاوبەشی عێراقی – تورکی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئابووری هەموو وەزارەت و دەستەکانی عێراق دەگرێتەوە و "دەبێتە سەرەتای نەخشەرێگەیەکی هاوبەش بۆ کرانەوەیەکی باشتر و ئەمڕۆش وەزارەتەکانی بازرگانی هەردوولا رایانگەیاند کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولا لە 16 ملیارەوە گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار."
ئەرکی 'جێتکۆ' چییە؟
بە گوتەی د. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەرکی لیژنەی هاوبەشی عێراقی – تورکی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئابووری (جێتکۆ) ئەوەیە کە دیدار و چاوپێکەوتنی کۆمپانیا و بازرگانەکان رێکبخات تاوەکو لە 60 رۆژی داهاتوودا لە ئەنقەرە کۆبوونەوەکانی دەستپێبکات.
جگە لەوەش لیژنە لاوەکییەکان لە وەزارەتەکانی بازرگانی و وەزارەتەکانی دیکە "لە ئەمڕۆوە(رۆژی دووشەممە) کارەکانیان دەستپێدەکەن بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی پەیوەندی دووقۆڵی هەردوولا و دانانی نەخشە رێگەیەک بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات."
لەبارەی ئەندامانی لیژنە هاوبەشەکەشەوە گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای دەکات، نوێنەرانی عێراق لە لیژنەکەدا لە هەموو دەستە و وەزارەت و جومگەکانی حکومەتی عێراق دەبن و وەزیرێک بە سەرپەرشتیاری تیمەکە دەستنیشان دەکرێت، لە پشکی تورکیاش بە هەمان شێوە ئەندامەکانی لە دامەزراوە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەبن و وەزیری بازرگانی تورکیا سەرۆکایەتییان دەکات.
رێککەوتنی بەغدا و ئەنقەرە 'دژی تاران نییە'
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی د. محەممەد حەنوون گوتی: "حکومەتی عێراق بەرنامەیەکی گشتگیری لەبارەی پەرەپێدانی بازرگانی هەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بە هیچ جۆرێک رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا لەبارەی رێگەی گەشەپێدان بەریەککەوتنی نابێت لەگەڵ رێککەوتنی عێراق و ئێران بۆ پەرەپێدانی هێڵی شەمەندەفەر و رێککەوتنی بەغدا و ئەنقەرە دژی تاران و هیچ وڵاتێکی دیکە نییە."
ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا لەپاڵ ئەم رێککەوتنە لەگەڵ توکیا "هاوئاهەنگیشمان هەیە لەگەڵ ئێران لە بواری پەرەپێدانی هێڵی شەمەندەفەر کە زیاتر تایبەتە بە گواستنەوەی سەردانیکەرانی ئێرانی بۆ ناوچە و مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق، بە کورتی عێراق دەیەوێت لەرووی وشکانی و ئاوی ببێتە ناوچەیەک و رێڕەوێکی بازرگانی گرنگی ناوچەکە."
هاوکات، عەبدولڕەحمان کورت، ئەندامی شاندی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە بە یاوەریی ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێری کرد، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەشداری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کرد و گوتی: "کۆبوونەوەکانمان چ لە بەغدا و چ لە هەولێر زیاتر لەبارەی گەشەپێدان بوو."
گوتیشی: "دۆسیەی ئاسایش خرایە بەرباس بەڵام بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و ئاو و لە سەروو هەمووشیانەوە رێگەی گەشەپێدان زۆرترین گفتوگۆیان لەبارەوە ئەنجامدرا."
پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە
عەبدولڕەحمان کورت باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە کرد و گوتی: "بێگومان خەڵکی هەرێمی کوردستان مافێکی برایەتیی کۆن و دێرینی لەگەڵ تورکیا هەیە و پردی پەیوەندی بەهێز لەنێوانمانە."
گوتیشی، لە هەرێمی کوردستان بەنداوی گرنگ هەن هەربۆیە بەشێک لە گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە دۆسیەی ئاو، هاوکات باس لە رەوشی ئاسایش کرا، "بەڵام ئەوەی کە ئێمە زۆر باسمان لەبارەوە کردن گەشەپێدان و پەروەردە و تەندروستی بوون."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو ئەندامەی شاندی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد کە بەشیک لە گفتوگۆ و دیدارەکانی بەغدا داخراوبوون، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی باس لە سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە کرا.
گوتیشی پێشتر پەکەکە وەکو رێکخراوێکی قەدەخەکراو راگەیەندراوە، ئەمڕۆش لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دووبارە باس لەو دۆسیەیە کرا کە کۆبوونەوە لەبارەیەوە بەردەوام بێت، بەڵام ئێستا هیچ وردەکارییەک نییە بۆ ئاشکراکردن.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دوو لێکۆڵینڤانی ناوەندی ئۆرسام لە ئەنقەرەوە بەشداربوون کە هەردووکیان پسپۆڕی تایبەتیان هەبوو، یەکێکیان پسپۆڕی سیاسیی ناوەندەکە و یەکێکیشیان بەرپرسی دۆسیەی عێراق بوو لە ئۆرسام.
'سەیرکردنی هەولێر و بەغدا بە یەک چاو'
بیلگای دومان، بەرپرسی دۆسیەی عێراق گوتی: بێگومان زۆر بابەت هەن لەم سەردانەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، ئەم سەردانە تەنیا بۆ تورکیا یان عێراق یان هەرێمی کوردستان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە گرنگە، بەتایبەت رێگەی گەشەپێدان.
گوتیشی: "زۆرجار پەیوەندییەکانی تورکیا بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەوە روونە کە ئەنقەرە بە یەک چاو سەیری هەولێریش و بەغداش دەکات، هەندێکجار لە عێراق نیگەرانی دروستدەبێت بەرامبەر پەیوەندییەکانی تورکیا و هەولێر، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە تورکیا خوازیاری پەیوەندییەکی باشە لەنێوان هەولێر و بەغدا."
بە گوتەی دومان، هێڵی گەشەپێدان هێڵێکی "زۆر گرنگە" بەتایبەت لەدوای قەیرانی ئۆکرایناوە و دەڵێت: "ئێستا ئەورووپا تووشی قەیرانێکی قورسی وزە بووە هەربۆیە رێگەی گەشەپێدان رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە کاریگەریی لەسەر ئابووری و بازرگانی ناوچەکە و جیهانیش."
هاوکات، فەیزوڵڵا تونە ئایگون، پسپۆڕی سیاسیی لە ناوەندی ئۆرسام گوتی: "ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خاڵێکی وەرچەرخانە و ئاماژەیە بۆ بەرەوپێشچوون و پەیوەندی ئەرێنیی هەردوو وڵات."
گوتیشی: "لە کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ سەرباری کێشە بچووکەکان هیچ کات کێشەیەکی گەورە لەنێوان عێراق و تورکیا رووینەداوە کە نەتوانرێت چارەسەر بکرێن."
بە گوتەی ئایگون، تورکیا چاوەڕوانی لە عێراق هەیە لە پرسی ئاسایشدا هەنگاوی هاوبەش بەرامبەر پەکەکە بنرێت و دەڵێت: "تورکیا لەچوارچێوەی دەستوور مافی خۆی لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بەکاردەهێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا ئۆپەراسیۆنەکانی لە عێراق ئەنجام دەدات."
"تورکیا بە روونی داوای لە عێراق کردووە بە فەرمی پەکەکە بە رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنێت و ئەگەر عێراق ئەم کارە بکات، ئەوا هەنگاوەکانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئاسان دەکات،" فەیزوڵڵا تونە ئایگون وای گوت.
هەر لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە گوتی، پەکەکە "ئێستا تەنیا کێشە نییە بۆ تورکیا، بەڵکو کێشەیە بۆ عێراق و بۆ سووریا و خەریکە دەبێتە کێشە بۆ ئێرانیش، هەربۆیە تورکیا بەلایەوە گرنگە لەگەڵ عێراق بە هاوبەشی رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە."
هاوکات، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەوبارەیەوە دەڵێت: "گوتەکانی سوودانی لەبارەی سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق شتێکی نوێی تێدابوو کە ئاماژەی بەوەدا "هەندێک لەو کردەوانەی رەنگە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەبێت" ئەمەش هەنگاوێک زیاترە لەوەی کە پێشتر عێراق پەکەکەی بە رێکخراوێکی قەدەخەکراو ناوبردبوو.
رۆژهەڵاتی گوتیشی: "دەکرێت ئەم هەڵوێستەی عێراق شتێکی جیاوازتر بێت لە رابردوو و لیژنەیەکی هەمیشەیی هاوبەشیان دروستکردووە، پێشتریش رێککەوتن هەبوو لەنێوان عێراق و تورکیا بۆ دروستکردنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش."
"چوار یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازیی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە واژۆکراون کە یەکێکیان پەیوەستە بە پەکەکە و ئەوانی دیکەش پەیوەستن بە پەرەپێدانی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق،" زریان رۆژهەڵاتی وای گوت.
بە گوتەی زریان رۆژهەڵاتی، عێراق ناتوانێت بە ئاسانی پەکەکە بە تیرۆریست ناوببات، "چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێ بەرپرسیارێتیی یاسایی بخاتە سەرشانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لەلایەک و لەلایەکی دیکەش رەوایەتیی دەدات بە جووڵەی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی عێراقدا، هەربۆیە وا ئاسان نییە عێراق بە ئاسانی مامەڵەی تیرۆریست لەگەڵ پەکەکە بکات."
"دوو پایتەخت لە عێراق"
لە بەشێکی بەرنامەکەشدا د. یاسین تەها، مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵینڤان لە کاروباری عێراق باسی لەوەکرد کە سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ناوخۆی تورکیا و عێراقیش گرنگیی سیاسیی هەیە.
د. یاسین پێیوایە، بۆ تورکیا کە ئەردۆغان "بە دانپێدانانی خۆی جۆرێک لە شکستیان هێناوە بەم سەردانە دەیەوێت رای گشتیی تورکیا بگۆڕێت و بە دیوی عێراقیشدا محەممەد شیاع سوودانی دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی هەبێت و لەژێر کۆنترۆڵی چوارچێوەی هاوئاهبگی بێتە دەرەوە، بۆیە سەردانەکە رەهەندێکی بانگەشەی بۆ هەردوولایان هەیە."
گوتیشی، راستە باس لەوە دەکرێت کە تورکیا و بەغدا 26 رێککەوتننامەیەن واژۆ کردووە، "بەڵام بەشێک لە رێککەوتنەکان زیاتر لە داڕشتن دەچن بۆ نموونە رێککەوتنێک واژۆکراوە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەرشیف، یان رێککەتن کراوە لەبارەی کردنەوەی خول بۆ مامۆستایانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقافی تورکیا.
لەبارەی سەردانەکەی شاندی تورکیاش بۆ هەولێر، یاسین تەها دەڵێت، هێشتا عێراق بەتایبەت لایەنە شیعەکان ئاسوودە نین بەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ هەولێر و هێشتا ئەو بۆچوونەیان هەیە کە دەبێت هەرێمی کوردستان بخرێتەوە چوارچێوەی خۆی، "بەڵام خودی سەردانەکە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە چونکە ئێستا لە ناوچەکە 3 هێزی سەرەکی هەن ئەوانیش (ئێران و تورکیا و ئیسرائیل) و تەنانەت عەرەبەکان ژمارەیەکی گەورەی هاوکیشەکان نین، ئێستا کاتێک یەکێک لەو جەمسەرانەی هێز دێتە هەولێر بە دڵنیایی دەرهاویشتەی زۆری دەبێت و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان هیچکات نایانەوێت وا دەربکەوێت کە لە عێراق دوو پایتەخت هەیە."
سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە پاش 13 ساڵ دێت؛ دوایین جار کە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد لە ساڵی 2011 بوو. ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ