رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت: ''لەلایەن حکومەتی سووریاوە داوای فەرمی لە تورکیا کراوە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە داعش''.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە رۆژی چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیستەنبووڵ، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کردووە.
وەک سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە دەڵێن: ''لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا کار دەکەین. لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە فەرمی داوا لە تورکیا کراوە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە داعش''.
ئەو سەرچاوانە هەروەها گوتووشیانە: ''لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، کارەکانمان بەردەوامە بۆ پێشکەشکردنی راهێنان، راوێژکاری و پشتیوانیی تەکنیکی بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی سووریا. ئامانجی سەرەکیی تورکیا، پشتیوانیکردنە لە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، هەروەها پێشەنگێتیکردنی هەوڵەکانە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە رایانگەیاندووە، دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندی ''رێککەوتنەکەی 10ی ئادار بێت'' و لەگەڵ سوپای سووریا تێکەڵبێت.
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت و لە خاڵی چوارەمدا هاتووە: ''تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ