سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی گشتیی حیزبوڵـڵای راگەیاند

23-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر باشووری لوبنان فەرماندەی گشتیی حیزبوڵـڵا کوژراوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بۆردوومانێکدا هەیسەم تەباتەبائی، فەرماندەی گشتیی حیزبوڵـڵایان لە باشووری بەیرووت کوشت. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێنج کەس کوژران و 28ی دیکەش بریندار بوون. 
 
دوای بۆردوومانەکە، شۆش بیدرۆسیان، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فەرماندەی گشتیی حیزبوڵـڵا لە دڵی بەیرووت کە سەرکردایەتیی بەهێزکردنەوە و پڕچەککردنی تیرۆرستانی رێکخراوەکەی دەکرد. بۆردوومانەکە بە فەرمانی سەرۆکوەزیر نەتەنیاهوو بووە لەژێر رێنمایی وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری ئیسرائیل." 
 
حکومەتی لوبنانیش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی هێرشەکان. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانیان بۆ سەر حیزبوڵـڵای لوبنان رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی هەموو کارێکی پێویست بۆ رێگریکردن لەوەی حیزبوڵڵا توانای هەڕەشەکانی دژی ئێمە بنیات بنێتەوە. ئەمە هەمان ئەو کارەیە کە لە کەرتی غەززەش دەیکەین."
 
دوای دوو ساڵ جەنگ، تشرینی دووەمی رابردوو، حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل ئاگربەستیان راگەیاند. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە دوای راژۆکردنی ئاگربەستەکەوە ئیسرائیل سەدان جار وڵاتەکەیانی بۆردوومان کردووە و زیاتر لە 330 کەس کوژراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە