رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، وڵاتەکەی لە جەنگە 12 رۆژییەکە لە بەرامبەر ئێران سەرکەوتوو بووە. دەشڵێت، رووبەڕووی هەر هەوڵێکی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی دەبنەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025 لەبارەی جەنگە 12 رۆژییەکەیان لەگەڵ ئێران قسەی کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ناهێڵن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و هەر هەوڵێکی وڵاتەکەش بۆ بنیاتنانەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەنێو دەبەن.
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی کردە سەر ئێران. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجیان بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانن. دواتر تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە.
نەتەنیاهوو لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر ئێران دەڵێت، "گورزێکمان لە ئێران دا لە مێژوودا نەیبینوە".
وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 600 کەس کوژراون. نەتەنیاهوو دەڵێت، "زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەنێو بردن."
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هاتە نێو جەنگەکە و هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ لە پشتیوانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "ئیسرائیل لە مێژوودا دۆستێکی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپی بەخۆیەوە نەبینیوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی 23ـی حوزەیران نەخشەڕێگەی ئاگربەستی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلی راگەیاند.
بەگوێرەی نەخشەڕێگەکە، کاژێر 7ـی بەیانی رۆژی 25ـی مانگ جەنگەکە کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ