حەماس: ویتکۆف چوارچێوەی دوایین گەڕی دانوستاندنەکانی بە تەواوی پێشێل کرد

25-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رۆژی هەینی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە "پێشێلکردنی ئەو چوارچێوەیەی کە دوایین گەڕی دانوستاندنەکانی تێدا بەڕێوەچوو،" ئەوەش دوای ئەوەی ویتکۆف ئاماژەی بە پەککەوتنی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان بزووتنەوەکە و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە کرد.
 
نەعیم لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "لێدوانە نەرێنییەکانی ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بەتەواوی پێچەوانەی ئەو چوارچێوەیەن کە دوایین گەڕی دانوستاندنەکانی تێدا بەڕێوەچوو، ئەویش باش ئەوە دەزانێت، بەڵام ئەم قسانە لە چوارچێوەی خزمەتکردنی هەڵوێستی ئیسرائیلدان."
 
گوتیشی: "ئەوانە بەشێکن لە لۆجیکی پاڵپشتیکردنی هەڵوێستی ئیسرائیل".
 
دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستپێکردنیان، گەیشتوونەتە بنبەست.
 
ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە وەک ئیسرائیل دانوستاندنکارەکانی لە گفتوگۆکان کشاندەوە و ویتکۆف حەماسی بە هۆکاری شکستەکە دانا و رایگەیاند، واشنتن "بیر لە بژاردەی دیکە دەکاتەوە".
 
ناوبژیوانان لە قەتەر لەنێوان شاندەکانی ئیسرائیل و حەماس لە هاتووچۆدا بوون بۆ ئەوەی پێشکەوتنێک لە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکاندا بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەدەستبهێنن.
 
ویتکۆف رۆژی پێنجشەممە دانی بە شکستی دانوستاندنەکاندا نا، کە لەژێر چاودێریی قەتەر، ئەمریکا و میسر لە دەوحە بەڕێوەدەچوون.
 
ویتکۆف گوتی، تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکی بۆ "پرس و راوێژ" بانگکراونەتەوە و گومانی لە نیازپاکیی حەماس نیشاندا. 
 
نەعیم، ویتکۆفی بە پاشگەزبوونەوە تۆمەتبار کرد و گوتی، نێردەی ئەمریکا تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر گفتوگۆکانی بە "ئەرێنی" وەسفکردبوو.
 
گوتیشی: "نێوەندگیران بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی پێشوازییان لە وەڵامەکەی حەماس کرد، کە بە بنیاتنەر و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنیان دەزانی، بەتایبەتی کە زۆر نزیکە لەو پێشنیازەی نێوەندگیران پێشکێشی هەردوولایان کردبوو."
 
ئەو گوتی، دوایین گفتوگۆکان لەسەر وردەکارییەکانی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل بوون لە کەرتی غەززە.
 
نەعیم ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت "رێککەوتنێکی سەرەتایی" لەسەر "هاوکێشەیەک" بۆ گۆڕینەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و بەندکراوە فەلەستینییەکان کرابوو.
 
بەرپرسە سیاسییەکەی حەماس ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی نیازی گەیشتن بە ئاگربەستی نییە و داوای لە ویتکۆف کرد "گوشار" بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.