رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی مانگی رابردووەوە بە گرووپی جیا 81 کۆچبەری کورد هەرێمی کوردستانیان بەرەو لیبیا جێهێشتووە. باوکی یەکێکیان دەڵێ، لە 11ـی مانگەوە ئاگایان لە کوڕەکانیان نەماوە. باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، کاروباری گەڕانەوەی 23 کەسیان تەواو بووە.
کۆچبەرەکان بە دوو گرووپی جیا دەستگیرکراون، 60 کەسیان لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە زیاتر لە 20 رۆژە دەستگیرکراون، هەروەها 21 گەنجی دیکە زیاتر لە دوو هەفتەیە دەستگیرکراون، کە سەرجەمیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن.
محەممەد عەبدولڕەحمان باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکانە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕەکەم لەگەڵ 20 هاوڕێیدا 30ـی مانگی رابردوو هەرێمی کوردستانیان جێهێشت و دوای چەند رۆژێک لە گەیشتنیان لە لیبیا دەستگیرکران".
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، دوایینجار لەگەڵ کوڕەکەی قسەی کردبێت 11ـی ئەیلوول بووە و دوو هەفتەیە ئاگایان لێی نەماوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو 21 هاونیشتمانییە لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە ترابلس پاسپۆرتیان بۆ ئامادەکراوە بۆ گەڕاندنەوەیان، بەڵام کەسیان نەیانتوانیوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن و کاتی گەڕانەوەیان ئاشکرا بکەن.
هەر ئەمڕۆ د. موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جیا لەو 21 کەسە، نزیکەی 20 رۆژە 61 کوردی دیکە لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە لە لیبیا دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی دەگەڕێندرێنەوە".
موسەنا ئەمین کە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ئەو 81 هاونیشتمانییە کردووە دەڵێت: "ئەمڕۆ لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق قسەم کرد، چونکە هەستەکەم باڵیۆزخانەی عێراق بە ئەنقەست رێکاری گەڕانەوەی کوردەکانی دواخستووە".
هەروەها د. ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکاری گەڕانەوەی 23 کۆچبەرەکان تەواو کراون، پاسپۆرتی تێپەڕبوونیان پێدراوە و چاودێرییان دەکەین".
سەحاف رایگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ چارەنووسی 60 کۆچبەری عێراقی کردووە کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو لیبیا و لە ناوچەیەکی رۆژئاوای تەرابلوسی پایتەختی لیبیا دۆزیماننەوە و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی لیبیا دەکەین بۆ زامنکردنی سەلامەتییان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان".
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئاماژەی بەوەشکرد، 60 کۆچبەرە کوردەکە لای گرووپە چەکدارەکان رووبەڕووی مەترسیی کرابوونەوە. گوتیشی: "هەندێک لە کۆچبەرانی نێو گرووپە 60 کەسییەکە، تەمەنیان لە خوار یاساییەوەیە و ئەمەش رووبەڕووی گۆڕانکاریی نوێ و زۆر هەستیارمان دەکاتەوە".
ئەوە جاری یەکەم نییە و ئەم ساڵ چەند جارێکی گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون، کە دەیانەوێت لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ