رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمشەو دەست بە بەردانەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەن و یەکەم بڕی هاوکارییەکانیش ئارد، شەکر و خواردنی قوتووبەندە.
رۆژی شەممە، 26ی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمشەو دەست بە بەردانەوەی یەکەم بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەین". دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە".
ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری لە برسێتییەکی دژوار دەدەن لە کەرتەکە. دوێنێ، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بڵاویکردەوە، ئەو منداڵە تەمەن 6 مانگ بۆ پێنج ساڵانە، ژنانی دووگیان و ئەوانەی شیر دەدەنە منداڵەکانیان کە "هەفتەی رابردوو لە کلینیکەکانمان لە غەززە پشکنینیان بۆکرا، 25٪یان تووشی بەدخۆراکی ببوون".
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "یەکەم بڕی هاوکارییەکان ئارد، شەکر و خواردنی قوتووبەند لەخۆ دەگرێت". جەخت لەوەش دەکاتەوە، "هاوکارییەکە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابینکراوە".
فیلیپ لازارینی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "فڕێدانەخوارەوەی هاوکاری لە ئاسمانەوە کۆتایی بە مەترسیی زیادبووی برسێتی ناهێنێت. تێچووی زۆرە، ناکارایە و تەنانەت رەنگە ببێتە هۆی کوشتنی ئەو خەڵکە سڤیلەی خەریکە لە برسان دەمرن."
بە گوێرەی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 124 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 84یان منداڵن. بەیانیی ئەمڕۆ، منداڵێکی ساوا بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانی لەدەستدا، کە ئەوە سێیەم منداڵی ساوا بوو لە 24 کاژێردا بەو هۆیەوە گیان لەدەستبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ