ئەرتەشی ئێران: هێرشمان کردە سەر چەندین ناوەندی پیشەسازیی سەربازیی ئیسرائیل

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئێران رایگەیاند، بە درۆن چەندین ناوەندی ستراتیژی و ژێرخانی سەربازیی ئیسرائیلیان لە تەلئەڤیڤ و شارە پیشەسازییەکانی دیکە کردووەتە ئامانج.

رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، سوپای ئێران (ئەرتەش) لە راگەیێندراوی ژمارە 49ی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە بەیانیی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی درۆنییان دژی "ناوەندە ژێرخانییەکانی ئیسرائیل" کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکان کراونەتە سەر کۆمپانیاکانی "ئێلبیت سیستمز"، "کانفیت" و ناوەندێکی بەرهەمهێنانی چەکی بەرگری لە شارۆچکەی پیشەسازیی "نۆف هاگلیل" و تەلئەڤیڤ.

 

 
سوپای ئێران وردەکاریی ئەو شوێنانەی خستووەتەڕوو کە دەڵێت هێرشی کردوونەتە سەر، ئەوانیش:
 
- ناوەندی پەرەپێدانی چەک و سیستمی بەرگری: ئەم ناوەندە بەرپرسە لە دروستکردنی سیستمە مووشەکییەکان، لەوانەش سیستمی "گومەزی ئاسنین".
 
- کۆمپانیای ئێلبیت سیستمز (Elbit Systems): ناوەندێکی گەورەی چەک و پیشەسازیی جەنگییە کە لە بوارەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی، دروستکردنی درۆن، سیستمی هەواڵگری و راداردا کاردەکات و بەشێکی سەرەکیی هەناردەی سەربازیی ئیسرائیل پێکدەهێنێت.
 
- کۆمپانیای پیشەسازیی کانفیت (Kanfit): ئەم ناوەندە لە بواری ئەندازیاری و بەرهەمهێنانی پارچەکانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و پیشەسازیی بۆشایی ئاسماندا چالاکە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم هێرشانە لە تۆڵەی خوێنی شەهید عەلی رەزا تەنگسیری و سەرجەم شەهیدانی نیشتمان کراون."
 
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە