رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) بودجەی گشتیی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2026 پەسند کرد، کە تێیدا گەورەترین بودجە لە مێژووی ئیسرائیلدا بۆ کەرتی بەرگری تەرخان کراوە. لە بەرامبەردا ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە رەخنەی تووند دەگرێ و بە "گەورەترین دزیی مێژوو" ناوی دەبات.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 30ی ئاداری 2026، پەرلەمانی ئیسرائیل پڕۆژەیاسای بودجەی بە 62 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 55 دەنگی نەخێر پەسند کرد.
قەبارەی گشتیی بودجەی 2026ی ئیسرائیل دەگاتە 850.6 ملیار شیکڵ کە دەکاتە 271 ملیار دۆلار. لەم بڕەیە 143 ملیار شیکڵ واتە 45.8 ملیار دۆلار، بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخان کراوە، کە ئەمەش گەورەترین بودجەی سەربازییە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
پەسەندکردنی ئەم بودجەیە تەنیا رۆژێک پێش کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی دێت، کە بڕیار بوو رۆژی سێشەممە کۆتایی بێت. ئەگەر بودجەکە پەسەند نەکرابا، ئیسرائیل ناچار دەبوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل، نیگەرانیی تووندی خۆی بەرامبەر بودجەکە دەربڕی و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "گەورەترین دزی لە مێژووی وڵاتمان کرا. پارەیان لە سەربازانی یەدەگ سەند و دایانە ئەو کەسانەی خۆیان لە خزمەتی سەربازی دەدزنەوە. خەڵکی کارکەریان رووتاندەوە و پارەکەیان دایە گەندەڵکاران."
تەرخانکردنی ئەم بودجە پێوانەییە بۆ کەرتی بەرگری لە کاتێکدایە، جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە، ئەمەش بووەتەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو هەڵکشانەی خەرجییە سەربازییەکانی تەل ئەڤیڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ