رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئیمارەی شاریقە رایانگەیاند، درۆنێکی ئێرانی باڵەخانەیەکی کارگێڕیی کۆمپانیایەکی گەیاندنی لە ناوچەی ناوەڕاستی ئیمارەکە کردووەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
درەنگی شەوی رابردوو، 30ـی ئاداری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی شاریقە، راگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە. باس لەوە دەکات درۆنێکی ئێرانی هێرشی کرد سەر باڵەخانەی کارگێڕیی کۆمپانیای سورەیا بۆ گەیاندن. جەختیشی کردەوە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی مامەڵە لەگەڵ "دەستدرێژیی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات کە لە ئێرانەوە دێن."
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاوازەکانی ئیمارات دەبیسترێن، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییە لەگەڵ مووشەکە بالیستییەکان و مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
لە 28ی شوباتی رابردووەوە، شەش وڵاتی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و ئوردن، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەتەوە. هەندێکیان کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە و زیانیان بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە.
تاران دەڵێت، هێرشەکانی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج. ئەمەش لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی "دەستدرێژیی بەردەوامی ئیسرائیل و ئەمریکا"یە کە بەهۆیەوە لانیکەم 1500 کەس گیانیان لەدەستداوە و دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران بووە.
هەروەها تاران بە هەڵدانی مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 24 کەس و برینداربوونی 6008 کەسی دیکە، جگە لە هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکی کە بەهۆیەوە 13 سەرباز گیانیان لەدەستداوە و 303ی دیکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ