سوپای ئیسرائیل کوشتنی سەرکردەیەکی حیزبوڵـڵای راگەیاند

27-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر باشووری لوبنان دوو چەکداری حیزبوڵـڵایان کوشت یەکێکیان بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی رەزوانی گرووپەکەیە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، کاپتن ئیلا، جێگری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراویکدا بڵاویکردەوە، لە بۆردوومانێکیان بۆ سەر ناوچەی دبعال لە باشووری لوبنان "محەممەد حەیدەر عەبود، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکان لە هێزی رەزوان" کوژرا. دەشڵێت، چەکدارێکی دیکەش کە هاوکاری دەکرد ئەویش کوژرا. 
 
هێزی رەزوان یەکەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتە و سەر بە باڵی سەربازیی حیزبوڵـڵایە. 
 
ئەو بەرپرسەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، کوژراوەکان "کاریان بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی تیرۆرستی بۆ هێزی رەزوان دەکرد و پلانیان دژی سوپای ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل دادەنا". 
 
تشرینی یەکەمی 2023، حیزبوڵـڵا وەکو پاڵپشتییەک بۆ غەززە هێرشیکردە سەر باکووری ئیسرائیل و بە ژمارەیەک مووشەک لەو ناوچەیەی  دا. دواتر، سوپای ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. 
 
ئەیلوولی پار، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و باشووری وڵاتەکە چڕکردنەوە و ژمارەیەک سەرکردەی سەربازیی گرووپەکەی کوشت کە دیارترینیان حەسەن نەسروڵـڵا، ئەمینداری پێشووی گرووپەکە بوو. تشرینی دووەمی رابردووش، هەردوولا ئاگربەستیان کرد. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لەنێوبردنی هەموو هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە