رێکخراوی منداڵپارێز: منداڵانی غەززە ئەوەندە برسین توانای گریانیشیان نەماوە

27-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی رایگەیاند، برسیەتی لە کەرتی غەززە رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و ئێستا منداڵانی ئەو کەرتە ئەوەندە برسی و لاواز بوون تەنانەت توانای گریانیشیان نەماوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ئینگەر ئاشینگ، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی جەنگی غەززە رایگەیاند، "قاتوقڕی لە غەززە تەنیا وشەیەکی ئاسایی و وشک نییە". دەشڵێت، کاتێک خۆراکی پێویست نییە، منداڵان تووشی بەدخۆراکی تووند دەبن، "دواتر وردە وردە و بە ئازارەوە دەمرن." 
 
ئاشینگ ئاماژەی بەوەدا لە سەرەتای برسیەتیدا لەشی منداڵانی کەرتی غەززە، ئەو چەورییە بەکاردەهێنن کە لە لەشیاندایە، دواتر ماسولکە و ئۆرگانەکان، بەڵام ئەمەش بەشی چەند هەفتەیەک دەکات و دواتر لە برسان دەمرن. 
 
سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی گوتی، "ئێستا کلینیکەکانمان بێدەنگن. منداڵان (لەبرسان) توانای قسەکردن و گریانیان نەماوە." 
 
دوێنێ، د. مونیر بەرش، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی کوژراوان نزیکەی 62 هەزار کەسە و 158 هەزار کەسیش بریندارن. گوتیشی، ژمارەی ئەو کەسانەی لەبرسا مردوون گەیشتووەتە 303 کەس، کە 117یان منداڵ بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە