رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان بە تووندی سەرکۆنەی هەڵسوکەوتی سوپای ئیسرائیل دەکات لە کەرتی غەززە و دەڵێت: "بەشێوەیەکی سیستماتیک گۆڕەکان هەڵدەدەنەوە و دەیان تەرمیان دزیوە."
د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل تاوان بەرامبەر بە زیندووان و مردووان لە کەرتی غەززە دەکات، بەتایبەتی "وێرانکردنی سیستماتیکی گۆڕستانەکان و بێڕێزیکردن بە تەرمی شەهیدان."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، عەلی قەرەداخی دەڵێت: "سوپای داگیرکەر بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستیکردووە بە تێکدانی گۆڕستانەکان، هەڵکەندنەوەی گۆڕەکان، شێواندنی تەرمی شەهیدان و دزینی دەیان تەرم، ئەمەش پێشێلکارییەکی بێوێنەی حورمەت و کەرامەتی مردووانە."
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کارانەی سوپای ئیسرائیل "بە بیانووی گەڕان بەدوای تەرمی سەربازە دیلەکان دا" دەکرێت.
قەرەداخی رەخنەی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە و دەڵێت: "نەبوونی هیچ لایەنێک بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران، هانی زیاتری داگیرکەری داوە بۆ بەردەوامبوون لە پێشێلکارییەکانی."
عەلی قەرەداخی دۆخەکە بە "کۆمەڵکوژییەکی وەحشیانە" ناو دەبات و دەڵێت: "ئەوەی روودەدات، بێڕێزیکردنێکی ئاشکرایە بە شکۆی مرۆڤ، چ زیندوو بێت یان مردوو. هەروەها بەزاندنی هەموو سنوورەکانی شەریعەتە ئاسمانییەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامە مرۆییەکانە کە پاراستنی حورمەتی مردووانیان گەرەنتی کردووە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، د. عەلی قەرەداخی داوا لە حکومەتەکانی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، ئیسلامی، نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و رێکاری بەپەلە بۆ راگرتنی ئەو کردەوانە بگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ