ترەمپ و نەتەنیاهوو دەکرێنە کاریکاتێر؛ "جارێکی دیکە فریو مەخۆن"

29-09-2025
هەوار جەلالەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەکو دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەریان، چەند چالاکڤانێکی ئیسرائیلی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە کاریکاتێرێکی گەورەی ترەمپ و نەتەنیاهوویان دروستکردووە و لەسەریان نووسیوە، "جارێکی دیکە فریو مەخۆن."
 
ئەو شوێنەی کاریکاتێرەکەی تێدا دروستکراوە، کەوتووەتە بەرامبەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤ. کاریکاتێرەکە وێنەی رووخساری ئەو دوو کەسەیە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە رەنگی شین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش بە رەنگی سوور دروستکراون.
 
چالاکڤانانی رێکخراوی "هاوسەنگەران" و هەروەها لایەنگرانی خێزانی بارمتەکان سەرپەرشتیی ئەو کارەیان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکانی چالاکڤانان و کەسوکاری بارمتەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمەتەکان، بەردەوامە.
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نەتەنیاهوو، دوای گوتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا داواکارییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ راگرتنی جەنگ رەتکردەوە، خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ ئامادە دەکات.
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە ساتێکی زۆر هەستیاردایە؛ ئیسرائیل زیاتر گۆشەگیر بووە دوای لەدەستدانی پشتیوانیی چەندین وڵات کە لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی بوون. لە ناوخۆشدا، حکومەتەکەی نەتەنیاهوو لە هەموو کاتێک لاوازتر دەردەکەوێت، ئاماژەکانیش لە کۆشکی سپییەوە دەریدەخەن ئارامییان لە بەرامبەر دۆخەکەدا کەم بووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە "لە قۆناخی کۆتایی"دان و جەختی کردەوە، رێککەوتنێک دەتوانێت دەرگە بۆ ئاشتییەکی بەرفراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە.
 
تاوەکو ئێستا ئەمە بە گرنگترین هەوڵی ترەمپ دادەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 66,000 فەلەستینی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە