رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتکارێک رایگەیاند، بڕیارە سبەی شاندێکی ئیسرائیل و سووریا لە ئازەربایجان کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنییەکانی پەیوەست بە باشووری سووریا.
رۆژی چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی رایگەیاند، بڕیارە سبەی لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان، شاندی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و شاندی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی رۆن دەرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل کۆببنەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە دووەم کۆبوونەوەی شاندی سووریا و ئیسرائیلە لە دوای رووداوەکانی پارێزگای سوەیدا، کە کۆبوونەوەی یەکەم هەفتەی رابردوو لە پاریس کرا.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکە گوتی، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی پرسە ئەمنییەکان بەتایبەت پرسی باشووری سووریا.
رۆژی 13ی تەممووز شەڕ لەنێوان دروزەکان و عەرەبە دەشتەکییەکان لە پارێزگای سوەیدا روویدا، دواتر، ئیسرائیل وەکو پاڵپشتییەک بۆ درووزەکان بۆردوومانی چەکدارە دەشتەکییەکان و ژمارەیەک پێگەی سەر بە حکومەتی سووریای کرد. رۆژی 20ی هەمان مانگ، بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئاگربەست کرا و شەڕەکە و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل راگیران.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، لەو شەڕەدا سەرووی 320 کەس کوژران و زیاتر لە 430ی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ