کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر: پێشوازی لە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەکەین

31-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێشوازی لە رێککەوتنەکەی نێوانیان دەکەن کە لەسەر پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ چاکسازی و بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە رێککەوتوون.
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، لە دەباشان شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسکەری و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پێشوازییان لە شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، پشتیوان سادق و عەلی حوسێن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کرد و کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، هەردوو مەکتەبی سیاسی راگەیێندراوێکی هاوبەشی پێنج خاڵییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە هاوهەڵوێستی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رۆژێکی بۆ دیاریدەکرێت، هاوکات جەخت لە یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پشتیوانیی کارنامەی حکومەت دەکەنەوە و بڕیاریشیانداوە درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 31-07-2023، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێشوازی لە رێککەوتنی یەکێتی و پارتی دەکات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پشتیوانیکردنی یەکخستن و چاکسازیکردنی پێشمەرگە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چاومان لەوەیە بەرەوپێشچوون ببینین لە کاتێکدا کە هەردوولا لێک نزیک دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دیکە دەکەن لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی عێراق."
 
کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی پارتی و یەکێتی بە راگەیێندراوێکی هاوبەشی پێنج خاڵی کۆتاییهات کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
1- هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
2- بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.
 
3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
 
4- هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
 
5- لەپێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا، بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە