رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، "درێژە بە رێگەی خامنەیی دەدەین و دوژمنانمان پەشیمان دەکەینەوە."
یەکشەممە 01-03-2026 دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەبارەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە رۆژی شەممە لە هێرشێکی ئەمریکا-ئیسرائیلدا کوژرا.
دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە بۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، پرسە و سەرخۆشی لە گەلی ئێران و ئوممەتی ئیسلامی دەکات و دەڵێت، "میراتی بە نرخی رێبەر و سەرکردەی خەڵکی ئازادی جیهان، چرای رێنوێنی گەلی ئازا و قارەمانی ئێران و هێزە چەکدارە تۆلەسەندکارەکانییەتی."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بیرەوەریی بەنرخەکەی ئەو تێکۆشەرە نەپساوە چرای رێنمایی و پشتیوانی یەکێتیی نیشتمانییە و فیداکاری و خۆڕاگرییە ئیلهامبەخشە بۆ هەموو خزمەتکارانی ئیسلامیی پاک و دژە ستەم."
دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، وەڵامی پەشیمانکەرەوەیان دەبێت، "دوژمنانی ئەم گەلە و بە تایبەت ئەمریکای تاوانبار و رژێمی خراپەکاری زایۆنی، بە هێز و پتەویی و پشتیوانی خەڵکی بەشەرەف پەشیمان دەکەینەوە و تاوەکو دوا دلۆپی خوێن و خۆبەدەستەوەدانی دوژمنان درێژە بە رێگەی ئەو رێبەرە ژێر و بەهێزە دەدەین."
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی 28-02-2026 لە ئەنجامی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا، رۆژی 01-03-2026 میدیای فەرمی ئێران کوژرانی خامنەیی پشتڕاستکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ