رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، کەشتییەکیان لە ئیمارات کردووەتە ئامانج کە ئەرکی گواستنەوەی تەقەمەنی هەبووە بۆ کەشتییەکانی ئەمریکا لە زەریای هیند. ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکاش لە کوێت.
سوپای پاسدارانی ئێران لە پێنجەم راگەیێندراوی خۆیدا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 01-03-2026 بڵاوی کردووەتەوە رایگەیاند: ''لە شەپۆلی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 4) کەشتیی MSP لە بەندەری جەبەل عەلیی ئیمارات کراوەتە ئامانج کە ئەرکی گواستنەوەی تەقەمەنی هەبوو بۆ کەشتییە ئەمریکییەکانی نێو زەریای هیند.''
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کەشتیی MSP بە چوار درۆن کراوەتە ئامانج و ''بەهۆی زیان و تەقینەوەی یەک لەدوای یەکەوە، بە تەواوی لەکارکەوتووە.''
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بنکەی سەربازیی دەریایی ئەمەریکا لە ناوچەی عەبدوڵڵا موبارەک لە کوێت، بە چوار مووشەکی بالیستی و 12 درۆن کراوەتە ئامانج و سەرجەم ژێرخانە سەرەکییەکانی خاپوور کراون.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکیش لە عەبدوڵڵا موبارەکی کوێت کوژراون یان بریندار بوون.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە مووشەکەکانی "قەدەر 380"ی ئێرانی هێرش کراوەتە سەر کەشتیی پشتیوانیی سەربازیی MST کە ئەرکی گەیاندنی سووتەمەنی هەبووە بە کەشتییە ئەمەریکییەکان لە زەریای هیند.
سوپای پاسداران باس لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانیان دەکات بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دەڵێت: ''هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هاوشانی بەرەی ئاسمانی، دەرگەکانی دۆزەخ بەڕووی یەکەکانی دوژمندا بە کراوەیی دەهێڵنەوە.''
بەیانیی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانیش دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل کرد.
شەوی شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند، بەڵام ئێران هەواڵەکە رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ